شارى سلێمانى
سەر بە چ دەڤەرێکە؟!
دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو چرکەساتەى کە مەحمود پاشاى میرى بابان لە
قەڵاچوالانەوە دێتە گوندى مەڵکەندى و لە لێواریەوە کانى و کارێزەکانى دەبینێ،
بۆ ئەو وەختەى بیر لە دروستکردنى سەرایەک دەکاتەوە تا ببێتە جێى حەوانەوە و
وێستگەیەکى زیندوو و نزیک، ئەو سەرایە هێشتان ماوە وەلێ بەتەلارسازییەکى دوو
نهۆمى کە لە سەردەمى پادشایەتیدا نۆژەن کراوەتەوە. لە جەرگەى شارى سلێمانیدا
بەردەرکى سەرا ناوبانگى خۆى هەیە و ئەگەرچى تەلارەکە مۆرکى کوردى لەدەستداوە و
بۆنى مەلیکى لێوە دێت، بەڵام پارێزەرانى هەمیشە ڕێگرن لەبەردەم ڕوخاندن و
شێواندنى وێنە مێژووییەکەى و بەپەرۆشەوە داکۆکى لە مانەوەى دەکەن.
دەشمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو کاتەش کە ئیبراهیم پاشاى برازاى مەحمود پاشا لە بەرى
سەراکەوە، بەرى ڕۆژئاواى گوند ئەندێشە و خەیاڵى دەفڕێنێ و شارێکى جوان و ڕازاوە
لە کەللەى دەدا.. لەم وەختەدا دەمەوێت بە گەڕانەوەى درەنگوەختەم خەیاڵ و
ئەندێشەکانیان لە سنوورێکدا بوەستێنم و ڕێگربم لە دروستکردن و دانانى یەکەم
بەردى بناغەی شارى تازەدا.. بڵێم بۆخاترى خوا ئەو بیرەتان تووڕهەڵدەن و
گوندەکەى مەڵکەندى مەشێوێنن، با لەبرى خانوو و کاروانسەرا و مزگەوت و گەرماو و
ڕێوبان و هێنانى خەڵکانێک لە شوێنانەوە، ئاسکەکان لە کانى ئاسکان و لێڕ و
دارستانە چڕەکاندا بە ئارامى بژین و با تەنها جێنشینى ئاژەڵ و پەلەوەران بێت
ئەم خاکە نەک مرۆڤگەلێک کە لە داهاتوودا تێیدا زەقەى چاویان بێت. بڵێم ئەو
شارەتان هێندە بڕناکاو ئەو هەمووە قەرەباڵغى و گەورەبوون و فراوانییە ناگرێتە
ئەستۆى و دانیشتووانى ئیدى وەک شارە مێروولە بەیەکدا دەچن، هیچ شتێک بەرگەیان
ناگرێ و لەگەڵ پەرەسەندندا پلانە قرچۆک و بەرنامە تەپیووەکان بەهانایانەوە
نایەن، ئەو شارە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دواوە دەکشێتەوە تا گەیشتنەوەى بە گوندەکەى
مەڵکەندى و خراپتریش، نەکەن بیرێکى وەها تەفرەتان بدات و نەوەکانتان بە
تاوانبار لە قەڵەمتان بدەن، چونکە ئێوە نازانن سبەى چى ڕوودەدات، وێناى شارێک
دەکەن کە هەر بەناو شارە و کوێرە لادێ لە ئاستیدا بەهەشتە، ئەو شارە نە
کشتوکاڵى تێدا دەکرێ و نە پیشەسازى و نە هیچ شتێک تەنها دەبێتە شارى قاچاخچیان
و قاچاخ و بێ بەرهەم و بێ پیشە و سەنعەت، بازاڕێکى پڕ شوورەیى قۆڵبڕین و
تەڵەکەبازیى.. مرۆڤەکانى هەردەمەى بە شتێکەوە گیرۆدە دەبن و دەکرێن.. ئاخر ئەو
شارە کە بارانى تێدا نەبارێت هەموو لە تینوێتیدا دەخنکێن و کارێزەکان بەس نین
بۆ ژیانى ئاوەدانى و مەدەنیى.. بەو هەندە کەسەوە خۆشە ژیانى گوند نەک شارێکى
سیخناخ کە هەمووان لەبەردەم دارفتیلەى شەوانیدا ڕۆژ بکەنەوە، ئێوە ئاگاتان لە
کۆمپیوتەر نییە و لەگەڵ چرادا هەڵناکات.. ئەو شارەى لە مێشکى ئێوەدا شارى هونەر
و ڕۆشنبیریى و ئاکار و ڕەفتارى جوانە دواتر دەبێتە شارى جنێوفرۆشان و دەمارگیر
و توندڕەوان، هەڵپەکەران و نەخۆشان بە دەروونێکى ناتەندروست.. خەڵکەکەى
ناوبەناو شۆڕش دەکەن و ئەشکەنجە دەکێشن و قوربانى دەدەن وەلێ هەرگیز لە بەرەکەى
ناخۆن، دەشبێتە ئەو شارەى بەعسییەکان بە سەرى مارەکە ناوى ببەن و لە هەموو شت
بێبەشى بکەن، لە پاش ڕاپەڕین و یەکگرتنەوەى هەردوو ئیدارەشدا بگەڕێتەوە دۆخى
مەڵکەندى و گوندێکى دواکەوتوو و چەپەک و کەسێک نەبێت بەزەیى پێدا بێتەوە!!
تەنانەت پەیکەرەکەشتان زۆر بڕناکا و لەبەرچاوان وندەبێ و لادەبرێ.
بەم گەڕانەوەیەم دەمەوێت ئەو پرسیارەشتان ئاراستە بکەم، کە ئەو شارەى نیازتانە
دروستى بکەن سەر بە کوێ دەبێ و بە چ دەڤەرێکەوە دەلکێندرێت؟! چ وڵات و چ
هەرێمێک بۆى دەسووتێ، چ جوگرافیایەک؟! ئەو شارەى کە هەنوکە لە دیدى شارەکانى
هەرێمى کوردستاندا وەک زڕبرا تەماشا دەکرێ و براکانى دیکەشى لە وێنەى کەرکوک و
ناوچە دابڕاوەکان خەمى بخۆن و لەوەش بسڵەمێنەوە کە هەمان چارەنووسى ئەو شارەیان
هەبێ هەربۆیە تا ئێستا لێیەوە دوورن و بشترسن پاڵ بدەنە پاڵیەوە!!
ئیمزا
تەها ئەحمەد ڕەسوڵ
|