ئاشکراکردنى درۆ سیاسییەکان
سەمەد ئەحمەد
1- عێراقی نوێ ..!
لەدواى روخانى رژێمى بەعسەوە زۆر زاراوە و تەعبیر و ئاماژەى سیاسی لەعێراقدا
هاتنە گوڕێ ، کە تەواوى ئازادیخوازانى کوردستان و عێراق دڵیان پێی خۆش بوو .
بەداخەوە زۆرێک لەم زاراوە و تەعبیرە سیاسییانە جگە لەدرۆیەکى سیاسی زل زیاتر
هیچی تر نەبوون .
دیارترین و زۆرترین تەعبیر کە لە کەناڵەکانى راگەیاندنى کوردى و عێراقییەوە
وترابێتەوە تەعبیرى (عێراقی نوێ) بووە مەبەستى لەتەعبیرى (عێراقی نوێ)
کۆمەڵگەیەکى یەکسان و ئازادیخوازى دوور لەچەوسانەوە و بێ مافی بووە ، ئێمە
وایدەبینین لەروى سیاسییەوە ،عێراق هیچ نوێکارى و گۆڕانکارییەکى جەوهەرى
بەخۆیەوە نەبینیوە ، ئەوەش کەهەیە و جیاوازە لەسەردەمى بەعس ، تەنها فەوزایەکى
سیاسی و ئیعلامى و هەندێجاریش خێڵەکى و عەشایەرى و مەزهەبی دور لەگیانى
پێشکەوتن و دیموکراتیانەى سەردەم بووە .
سەلماندنى ئەم قسەیە هیچ ماندووبوون و بیرکردنەوەى قوڵى پێویست نییە . چونکە
لەئێستادا (بەتایبەتى رووداوە سیاسییەکانى مانگى تەموز و ئابی رابردوو کە هەتا
ئێستاش درێژەیان هەیە) ئەوەیان سەلماند کە کۆمەڵگەى عێراقی نەک هەر گۆڕانێکى
ئەوتۆى بەخۆیەوە نەبینیوە ، بەڵکو ئامادەش نییە بۆ گۆڕان .
باشترین بەڵگە بۆ بەدرۆ خستنەوەى زاراوەى (عێراقی نوێ) ، جێبەجێ نەکردنى
مادەى(58)ى ئیدارەى کاتى و دواتریش پەکخستن و جێبەجێ نەکردنى مادەى (140)ى
دەستوورە .
مادەى (140)ى دەستوور ئاواتێکى گەورە بۆ ئازادیخوازەکانى کوردستان و عێراق ، کە
عێراق رزگارى دەبێت لەعەقڵى پانخوازى بەرە و کرانەوە و دیموکراتى دەچێت . کەچی
ئەم خەونە لەماوەى پێنج ساڵدا وا لەبار برا کەمرۆڤ بێ دوو دڵى دەتوانێت بڵێت :
عێراق نەک نوێ نەبووەتەوە ، بەڵکو وەکو جاران عەقڵى فاشیست و بێ مافی و ...هتد
لەلاى سیاسی و بڕیار بەدەستانى بوونى هەیە .
جگە لەمە ، بەڵگەیەکى تر بۆ بەدرۆخستنەوەى زاراوەى (عێراقی نوێ) ئەوەیە کە
ئێستاش وەکو سەردەمى بەعس زمانى چەک و داگیرکارى و لەشکرکێشی و هەڕەشەى سەربازى
و ..هتد زاڵە بەسەر زمانى دایەلۆگ و چارەسەرى کێشەکان بەرێگەچارەى ئاشتیانە .
سوپاى عێراق کە لەدواى روخانى بەعسەوە دروستکرایەوە ، زیاتر لەپێنج ساڵە
قوربانى دەستى تیرۆرە ، کەچی ئێستا کە خەریکە هێز و شکۆ و دەسەڵات پەیدا دەکات
، یەکەمین ئۆپراسیۆن کەتواناى خۆى تیا دەرخست ، شار و شارۆچکە و ناوچەکانى
کوردستان بوو .
پێویستە لەمەسەلەى جموجوڵى سەربازى سوپاى عێراق بۆ ناوچەکانى کوردستان بەهەڵەدا
نەچین و باش بزانین کە ئەمە عەقڵى سیاسی بڕیار بەدەستانى حکومەتى ئێستاى عێراقی
لەپشتە نەک خواست و ویستى فەرماندە سەربازییەکان .
هۆکارى ئەوەى کە عێراق وەکو دەوڵەت بەدرێژایی تەمەنى خۆى نەیتوانیوە وڵاتێکى
ئاسایی بێت ئەوە بووە کە دەسەڵاتدارانى ، لەبرى گفتوگۆ و داننان بەمافی یەکدیدا
، سیاسەتى پانخوازى و لەشکرکێشی و جینۆساید و ...هتد یان پەیڕەو کردووە .
ئەوەى لەم نێوەندەدا جێگەى سەرسامى و نیگەرانى و سەرزەنشتیشە ئەوەیە کە
دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق نەک هەر سودیان لە هەڵە و کارە نەشیاوەکانى
دەسەڵاتدارانى پێش خۆیان نەبینیوە بەڵکو زۆربە چڕى کار لەسەر پرۆژە شۆڤێنییە
تەواو نەکراوەکانى ئەوان دەکەن ، ئەو هێڵە تۆخ دەکەنەوە کە فاشییەکانى پێشووترى
عێراق کێشابوویان و لەدواى خۆیان تاڕادەیەک کاڵ ببونەوە !
لەدواى هەر قەیرانێکى سیاسی و ئابوورى و مەزهەبی کە لەعێراق دێنە گۆڕێ ، رەنگە
هەریەکەمان ئەو پرسیارەى لەخۆى کردبێت :
ئەرێ لەعێراقی ئێستادا دەرەتانێک بۆ پێکەوە ژیانى نەتەوە و مەزهەب و لایەنەکانى
ماوەتەوە ؟
ئێمە ئاوها وەڵامى ئەم پرسیارە دەدەینەوە ، ئەگەر ویست و ئیرادەى سیاسی هەبێت
بۆ پێکەوە ژیان ، ئەوا دەرەتانى پێکەوە ژیانیش هەر دەمێنێت . بەڵام کێشەکە
ئەوەیە کە ئێستا لەعێراقدا ئەوەندەى مەیل و ئیرادە هەیە بۆ شەڕەنگێزى و
پاوانخوازى ، ئەوەندە ئیرادە نییە بۆ پێکەوە ژیان ئێستابێ دوو دڵى دەتوانین
بڵێین :
تەعبیرى (عێراقی نوێ) درۆیەکى سیاسییە و لەجیاتى ئەوەى دڵى مرۆڤ خۆش بکات ،
نیگەران و پەستى دەکات . بۆیە داواکارم لەکاربەدەستانى رادیۆى (خاک) کەچیتر ئەو
ریکلامە بێ لەزەتە لێنەدەن کە دەڵێت :(عێراقی من عێراقی تۆیە) !
ئاشکراکردنى درۆ سیاسییەکانى تر ، لەئەڵقەکانى ترى ئەم گۆشەیەدا درێژەى دەبێت
...
samadahmd@yahoo.com
|