بە کام دوعا بڵێین ئامین ؟
ـ بورهان حاجى سلێمان


لەوەتەى ئەم ناوچەیە دروست بووە وەک وڵات و ناوى عێراقى لێنراوە ، بەردەوام گۆرڕەپانى شەر و ئاژاوەى نەتەوەو تایەفە جیاجیاکانى بوە و گۆڕەپانى تۆپ تۆپێنى گەمەسیاسیەکانى ناوچەکەو دونیا بوە .
لەماوەى کێشەکەى خانەقى و ناوچەکانى دەوروبەریدا چەندین هەواڵ و راى هاودژمان بیست کە ئاسمان و رێسمان نێوانیان بوون ، لەو رۆژانەدا ئێوارەکەى بەرپرسێکى عێراقى دەیوت " هێزەکانمان (فەتحى خانەقین و وەما حەولیها)یان کردووە ! " بۆ بەیانیەکەیشى بەلێدوانى بەرپرسێکى کورد قاوەڵتیمان دەکرد کە دەیوت " پێشمەرگە نەکشاوەتەوەو وەکو حەمرین لە ناوچەکانى خانەقی و جەلەول و قەرەتەپەدا چەسپیوە !"
شەو هات و رۆژ رۆیى ، لیدوان لەسەر لێدوان کەڵەک بوون تاگەیشتە ئەوەى ببنە شاخێک لە بەردەم شاردنەوەى راستیەکان لە بەرچاو راى گشتى ، تاکو دواجار بە موژدەى لێدوانێکى کوردى بە ئاگا هاتینەوە سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەکشانەوەى هێزە عرووبیەکان و مانەوەى هێزى پێشمەرگە لە ناوچەکە ، بەڵام هێشتا هەناسەیەکى پڕ لە ئۆخەیمان نەکێشابوو ، حەیدەر عەبادى پەرلەمانتارى لیستى ئیئتیلاف و بەرپرس لە حیزبى دەعوەى مالیکى لێمان قیت بوەوەو وتى ئەو برادەرانە سەهوون ! واتە کورد بە هەڵە هەواڵەکەى خۆى بەراى گشتى گەیاندووە و مەسەلەکە بە پێچەوانەوەیەو بە پێى رێککەوتنەکە دەبێت پێشمەرگە بگەرێتەوە بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هێزى ئەمنى عێراقیش ئەرکى پاراستنى ئەو ناوچانە بگرنە ئەستۆ!
من نازانم کام لەم دوو رایە بۆ ئیستیهلاکى مەحەللى و چەواشەکردنى راى گشتیە و کامیان نزیکە لە راستیەوە ، بەڵام لێدوانێکى فەریق روکن بابەکر زێبارى سوپاسالارى عێراقم لە یادە کە گوایە وتوویەتى " سوپاى عێراق بۆى هەیە بچێتە ناو خانەقى و هەر شارێکى ترى عێراق " هەر ئەویش سەرۆکایەتى وەفدى وەزارەتى بەرگرى عێراقى دەکرد کە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنى کوردیدا پێهێنرابوو .
بەگەرانەوەش بۆ ئەسڵى کێشەکە ( وەکو سەرجەم قەیران و پیلانەکانى ترى دژ بەکورد) بەرپرسان و راگەیاندنى کوردى مولەخەسى هۆکارى کێشەکەیان بەپیلانێکى ترى شۆڤینزمان لەقەڵەم د و بەبێ رەچاوکردنى هەل و مەرجى هەرێمایەتى و هەڵوێستى لایەنە نێو دەوڵەتیەکان ، دووخاڵى زۆر گرنگیان فەرامۆش یان پەردەپۆشکرد کە دوو فاکتەرى سەرەکى ئەو کێشەیە بوون ، ئەو دوو فاکتەرەش ئێران و نەتەوە یەکگرتوەکانە کە لاى خوارەوە کە بە کورتى باسى رۆڵیان لە سەرهەڵدانى ئەوکێشەیە دەکەم :
1-ئێران
کەس گومانى لە ترسناکى و کاریگەرى رۆڵى ئێران نیە لەم وڵاتە و سنوورى عێراقیش لە باشوور و ناوەراستەوە لەماوەى ئەم پێنج ساڵەى دواییدا دەروازەى کراوەى چالاکیەکانى ئەو گرووپانە بوون کە لە ئێرانەوە کۆمەک و مەشق و پڕچەک دەکران ، لە بەرانبەردا بە هۆى هەژموونى کوردەوە لە ناوچەى خانەقى ئەو دەرگایە بەرووى ئێراندا داخرابوو بۆ گەیشتن بە ئۆردوگاى ئەشرەف لە پارێزگاى دیالە کە بنکەیەکى سەربازى و سیاسی موجاهیدین خەلقى ئێرانە ، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر تەواوى ئەو ناوچانە بکەوێتە دەست هێزەکانى عێراقى (زۆرینە شیعە)، ئەوە رێگە بۆ ئێران خۆش دەبێت گورزى چەکدارى لەو بنکە سەربازیەى موجاهیدین بدات کە تاکو هەنووکە ئەمریکا رێگر بووە لە دەرکردنیان لە عێراق .
2-دیمستۆرا
پێشنیارەکانى قۆناغى یەکەمى دیمستۆراى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتوەکان باس لە بوونى هێزى کوردى دەکات لەوناوچانە ، پێشنیارەکان بە ئاماژەیەکى زەق ئەوەیان نیشانداوە کە عەرەب و تورکمانەکانى ناوچەکە لە بوونى ئەو هێزە کوردیانە لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا نیگەرانن ، بۆیە ئەوەى عێراق کردى ئیلهام و شەرعیەت وەرگرتن بوو لە نێردراوەى نەتەوە یەکگرتوەکان کە مێژوو شاهیدى ئەوە دەدات un لەهەر شوێنێکدا دەستى وەردابێت لە جێى چارەسەر کێشەکەى قووڵتر کردۆتەوە !
بۆ رەوانەوەى دڵەڕاوکێى شەقامى کوردى گەڕانەوەى متمانەى تەواو ، حکومەتى هەرێم پابەندە بەوەى تەواوى راستیەکان بۆ راى گشتى بگوازێتەوەو تەواوى هەڵوێستى لایەنەکان و ئاکامى دانوستانەکانى بۆ ئەو خەڵکە ئاشکرا بکات کە لە هەموو بۆنەو قەیرانەکاندا بەهانایانەوە هاتوون نەک وەک و ئێستا نەزانین بە چ دوعایەک بڵێین ئامین ..... خوایە بەرچاومان روونبکەیتەوە .... ئامین یا رەببولعالەمین .

burhanhajis@yahoo.com

 


                                                                                                      بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                                                      Copyright © 2008