|
ئەرێ کاتى پێداچوونەوەو لێپرسینەوە نەهاتوە ؟
سەباح تاهیر
هەموو ئاگادارین لەگەڵ باشبوونى بارى ئەمنى ناوەڕاست و خوارووى عێراق خەریکە
هاوکێشەکە پێچەوانە ببێتەوە بارودۆخ لە هەرێمى کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانى
ڕوو لە گرژى بکات . نەک لەبەر ئەوەى تیرۆرستان ڕوویان لەم هەرێمە کردبێت بەڵکو
وەک چەند جارە خەریکە لایەنى عەرەبى سیانۆریۆکانى ڕابردوو دوبارە دەکاتەوە .
ئەمڕۆ حکومەتى عێراقى وەک حکومەتى فیدرال و دەستورى مامەڵە ناکات بەڵکو وەک
تەرەفێکى حەریف هاتۆتە مەیدان ، ڕوونتر نوێنەرایەتى لایەنى عەرەبى دەکات ئەگەر
نەڵێین ڕووە شۆڤینیەکەى . بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەى بوونى ئەم
هەموو بەرپرسەى کورد لەدامودەزگاکان چى دەگەیەنێت و چ کارەن ؟!
بەشداربوونى کورد لە پێکهێنانى کابینەى مالیکى بەمەرجى جێبەجێکردنى مادەى 140ى
دەستورى بوو لەو سەقفە زەمەنییەیەى بۆیدانرابوو بەپێى دەستوور کەچى حکومەتى
مالیکى ئەمەى جێبەجێنەکردو سەرەڕاى ئەوەش ئێمە وەکو کورد پارێزگارى بووین لە
هەڵوەشانەوەى بەتایبەتى دواى کشانەوەى بەرەى تەوافوق و سەدریەکان دواتر لیستى
عێراقیەش !!!!
تەشکیلکردنى فیرقەیەکى سەربازى لەکەرکوک کتومت جێبەجێکردنى مادەى 24 ى یاساى
هەلبژاردنى پارێزگاکانە و هەڕەشەیەکى گەورەیە بۆ سەر چارەنووسى کەرکوک و پرۆسەى
دیموکراسى ، یاساو ڕێنماییەکانى وەزارەتى بەرگرى عێراق . کەچى سەرۆکى ئەرکانى
سوپاى عێراقى و سەرۆکى هەواڵگرى سەربازى کوردن پێناچێت ئاگادارى بن و مێشیش
مێوانیان نییە . ئەگەر ئاگادارن بۆ دەبآ ئەوانە نوێنەرى کورد بن لەو پۆستە
بەرزانە ئەگەریش ئاگادارنین ئەوە خەتەرێکى زۆر گەورەیە و پێویستە هەڵوەستەى
جیدى لەسەر بکرێت .
ناردنى هێزى سوپاى عێراقى بۆ قەرەتەپەو جەلەولا دواتریش بۆ خانەقین ئاماژەى
مەترسیدارن بەتایبەتى کەئەم هێزە دەستکارى ئیدارە دەکات کە ئەسلەن بەپێى دەستور
کارى ئەوان نییە جگە لە درێژەپێدانى سیاسەتى تەعریب هیچ پێناسەیەکى تر
هەڵناگرێت .
ئیتلافى کودەتاى 22ى تەمموزى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەرهەمى یەک دوو سەعاتى
بەر لەدەنگدان نەبوو ، بەلکو وەک زۆربەى چاودێرانى سیاسى پەى پێدەبەن ئەمە نەک
بەرژەوەندى هێزە شۆڤینیەکانى نێو عێراقى کۆکردبۆوە بەڵکو دەستى ووڵاتانى
ئەقلیمیشى لە پشتەوەبوو . کەچى بەر لە یەک دوومانگ کەمتر سەرۆکى کوتلەى
هاوپەیمانى کوردستان زۆر بە ڕاشکاوى ڕایگەیاند کە کورد یا هاوپەیمانى کوردستان
ئیستغلالى بارودۆخى سیاسى عیراق و سەربازى بەسرە ناکات بۆ گوشارخستنە سەر
مالیکى بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140 دەستورى ، کەچى ئەوان لەیەکەم دەرفەتدا فشارى
خۆیان بۆ سەر کورد و هەرێمى کوردستان خستەکار .
ئێمە لافى نزیکبونەوەى سوننەو شیعەى عەرەبمان لێدەدا وبۆ ڕازیکردنى سوننە بڕگەى
142 ى دەستور زیادکرا کەچى زۆربەى داواکارییەکانى سوننە دژ بەدەسکەوتەکانى
کوردە هەر لە فیدراڵیەوە بگرە تادەگاتە مادەى 140 .
بۆیە حەقە پێداچوونەوەى ورد لە هەموو ئەو هاوپەیمانیەتە بکرێتەوە کە کورد
تاوەکو ئیِستا پێوەى بەندە بە پێچەوانەى لایەنەکانى بەرامبەر ، جگە لەوەش هەموو
ئەو بەرپرسانەش لە حکومەتى فیدرال بانگى پەرلەمان بکرێن و بەشەفافانە ئەو
پێشهاتە تازانە ڕوونبکەنەوەو . بەرپرسیارانیش سزا بدرێن و لە پۆستەکانیان دوور
بخرێنەوە . ئەگەر نا لە حکومەتەکانى یەکلەدوایەکى بەغدا کورد بوونى هەبوە بەڵام
گومانى تێدا نییە ئەرکیان جیاواز بوو؟!
|