گەندەڵى  کەسێتى کوردى نوغرۆ کردووە
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ


گەندەڵى  وتەزایەکى جیهانییە و زۆر بەربڵاو و ناودارە ، بەپێی پێگە و کۆمەڵگا جووداکان وات و شرۆڤەى جیاوازى بۆ کراوە و دەکرێت ، بەڵام لە گشتگیرترین وات و شوناسیدا بە دەرچوون و لادان لەیاسا دەوترێت :
گەندەڵى ، بۆ گەندەڵیش بەو بەرپرس و لێپرسراوە دەڵێن کە توان و دەسەڵاتى کار و پایەکەى خۆى لەپێن و بەرژەوەندى خۆى و گروپەکەى یان حیزبەکەى یان کەسوخزمانى خۆیدا بەکارهێن و سامانى نەتەوەیی دزى و بەرتیل و واسیتە و مەحسوبییەتى تێکەڵ بەکار و پیشەکەى کرد ...!
بەڵام بەنیسبەت گەندەڵى لەکوردستاندا کە ئەمئێستا بۆتە دۆخێکى تراژیدى –کۆمیدى لەکۆمەڵگاکەماندا ، بۆتە دابونەریت ، لەکۆنەستى گشتى کوردستانییەکدا ئامادەگى هەیە و زۆر بەخێرایی تەشەنەى کردووە .. وەک رەوشتى واقیعى سیاسی و ئابوورى .. وەک کاریگەرى بۆ بیرکردنەوە و رەوشت و کارکردنمان بۆتە میراتێکى کولتوورى بۆماوە لەئاکامى نەخشە و بەرنامەیەکى داڕێژراوى پتە و لەلایەن رژێمى بەعسی فاشییەوە ، گەندەڵى ، لەئاکارێکى دزێوەوە بۆتە بەهایەکى باو ، بۆتە سیستمێکى رەوادار ، بۆتە گەندەڵسالاریی ...!
گەندەڵى لەکۆمەڵگاى کوردیدا دیاردەیەکى تازە و نوێ نییە ، دووبارە بوونەوەی پاشخانێکى مێژوویی –کۆمەڵایەتییە کە چەوساندنەوە و بندەستى بەرهەمى هێناوە ، کەلەراستیدا تەنها حیزبەکانى نەگرتۆتەوە بەڵکو خەڵک و میللەتیشی تێوەگلاندووە ... نەک هەر ئەوەندە بەڵکو میراتێکە و لەشێوەى تیشکى * بەنێو پەروەردە و بیرکردنەوەى کۆمەڵایەتى خێزانى کوردا چۆتە خوارێ ...!
دەیان ساڵ رژێمى بەعس ،بەحوکمى سیاسەتى شۆرینەوەى مێشک و هزرلە ئایدی و لەنیشتمانپەروەرى و لەدڵسۆزى و وەفادارى توانییان کار لەسەر کەسێتى کورد بکەن و پارەى بخەنە بەردەست و وەک بنەمایەکى گرنگ و سەرەکى بۆ ژیان ئاماژەى پێبدات ..ئیدى پارە و دراوى بەعس بووە قیبلەنومایەک ئاراستەکانى سایکۆلۆژیەتى تاکى کوردى بەرە و جەمسەرى کار و رەفتارى نێگەتیڤى راپێچکرد ..!
پێش راپەڕین ، گەندەڵى لەنێو هزر و دەروونى تاکى کوردا موتووربەکرا... لەیادەوەرى و زهنییەتیدا بنجى داکوتى ،بووبە پێکهێنەرى کۆنەستى "چونکە لەکاتى بەعسدا لەیاسالادان و سەرپێچکردن نیشتمانپەروەرى بوو ،گزیکردن و ساختەکارى زۆرینەى مرۆڤى کوردى لەسێدارە رزگار کرد ... بەرتیل و واسیتە دەبووە هۆى سەرفرازى تاکێکى پاک و بێ پشتوپەناى ئەم کوردستانە ...!" .
بەڵام دواى راپەڕین ، دیسانەوە گەندەڵى خۆى بەرهەم هێنایەوە ، بەهۆى هاتنەوە سەرکارى کۆنە بەعسی و جاش و کارمەند و مامۆستا بەعسییەکان کە گەندەڵى و خیانەت و مشەخۆرى و خۆگونجاندن و خۆهەڵواسین و بەرژەوەندى تاکەکەسی و دەستپیسی و سپڵەیی و نادڵسۆزى لەرۆح و لەناخیاندا داکوترابوو ... بەحوکمى کارایی و شارەزایی و ئەزموونى ئیدارییان وەکو توێژێکى تەکنۆکراتى گرنگ شوێنکارى خۆیان گرتەوە دەست و توانیان بەپەیژەدا سەرکەون و بگەنە لاى بەرپرسە باڵاکان و ئیدامە بەگەندەڵى خۆیان بدەن ...ئەوەى زەمینە خۆشکەربوو بۆ برەودان بەگەندەڵى ، حیزب سالاری و کەلەیاس و دادگ و بڕیارى دادوەران و حکومەت و پەرلەمان سەروەر تربوو ...!
پاشان براکوژى بەسەرداهات کە پێگەى حیزبی دەسەڵاتدارى لەهەردوو دەڤەرەکەدا پتەوترکرد ، رێگە خۆشتربوو کەحاڵەتى شەڕ بانگەشەى بۆ بکرێت و داهاتى گشتى و سامانى نەتەوەیی بەتەواوەتى دەستى بەسەردا بگیرێت و پایەى بڵند بۆ خزم و هۆز و خێڵى و حیزب و شێخە عەشیرەتدارەکان دابین بکرێت ، کەوەکو بازنەیەکى داخر و دروست بوون و خەریکى بەرتیل وەرگرتن و واسیتە و مەحسوبییەت و ماشینەوەى دراوى گشتى نیشتمانن و بۆ بەرژەوەندى ئەوبازنە داخراوە بەکارى دێنن ... کە ئاکامە خراپەکانى زۆرینەى کۆمەڵگاى کوردى باجەکەى دەدەن ..!
ئاکامە شوم و بەدەکانى گەندەڵى بەچاوێکى بێ چاویلکەشەوە دەبینرێت کە بریتین لەهەژارى بەشێوەیەکى مەترسیدار کە زۆرینە لەخوار هێڵى هەژارییەوە بن و ململانێی چینایەتى بگاتە رادەیەکى هەرە بەرز کە نەخوێندەوارى و وازهێنان لەخوێندن و بڵاوبوونەوەى نەخۆشی و خراپی بارى تەندروستى بەدواى خۆیدا رادەکێشێ ، چونکە حکومەت و حیزبی گەندەڵى لەتوانایدا نییە خزمەتگوزارییە سەرەتایی و سادەکان پێشکەش بەکۆمەڵگ و خەڵک بکات ..!
گەندەڵى بەشێوەیەکى راستەوخۆ کاریگەرى نێگەنیڤى بۆسەر کەسێتى تاکى هەیە ، نەبوونى خزمەتگوزارى و پەراوێزکردنى هاوڵاتى یەکەمین دەرئەنجامى گەندەڵیە و تاکى کورد زۆر بێزار و توڕەدەکات ، ئینتیماى نەک بۆ نیشتمانەکەى بەڵکو بۆ ماڵەکەى خۆیشی نامێنێ کاتێک کارەب و ئاو و نەوت و غازى نەبێت و بەکرێیەکى خەیاڵى تیایدا کرێچییە و رۆژ نییە ریسو و سەفیل نەکرێت لەلایەن ساحێب خانووەکەیەوە ..!
تاکى کورد دەبینێ دز و درۆزن و داوێن پیس و دەڵاڵى لەشفرۆشان ، زۆر شکۆمەندتر دەژین لەخێزان و مناڵى شەهیدێک ... بۆیە متمانەى بەهیچ نامێنێ ، بڕواى بەحیزب و نیشتمان و مەعریفە و زانست نامێنێ ... بۆیە هەوڵ ئەدات دڵسۆز و جیددى و راستگۆ و خەمخۆ و نەبێت ، خۆى لەپاى هیچدا ماند و و نەکات ... کە دەبینێ یاسا سەروەر نییە و ناتوانێت تاقەیەک بەرپرسی گەندەڵى بدات بەدادگا، بۆیە تاکى کوردى ئەمڕۆ هیچ شکۆ و رێزێک بۆ یاسا دانانێت ، خۆى بەچەک و چەقۆکەى لاقەدى تۆڵەى خۆى دەکاتەوە و پەنا بۆ یاس و دادگا نابات ... هەستدەکات کۆمەڵگاکەى دارستانێکە و خەڵکى وەکو گورگ پەلامارى سەروەت و سامان و نامووسی نیشتمان دەدەن ، بۆیە بڕواى بەسەربەخۆیی داد و پرەنسیپ و جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان نەماوە ... بڕواى بەکۆمەڵگاى مەدەنى و رۆڵى رێکخراوە مەدەنییە شەرمنەکان نەماوە کەلەحیزبەکانەوە ئاراستە دەکرێن ... بڕواى بە بەرپرسیارێتى و شەفافیەت و حوکمى دیمۆکراسی و هەڵبژاردن و دەنگدان نەماوە کەسیخناخن لەساختەکارى و گزیکردن و گەندەڵى ... تاکى کورد بڕواى بەگۆڕان و پێشکەوتن نەماوە باشتر وایە ئەوەش بڵێین کەبڕواى بەژیانى خۆیشی نەماوە ...!
مەخابن تاکى کورد لەسایەى کۆمەڵگاى گەندەڵدا ، زۆر ماندوە و هیلاکى دەست پەیداکردنى بژێوى رۆژانەیەتى ، وایلێهاتووە خۆ ویست و پارە پەرست بێت ، قۆڵبر و لەخشتەبەرى کڕیارەکانى هاوڵاتى خۆى بێت ، ناچارکراوە هەموو شێوازێک کەنایاسایی و ناشەرعیش بن بەکار بێنێ بۆ وەدەست هێنانى پارووە نانێکى گەرم کە ژیانى سارد و کولەمەرگى ئەم رۆژگار رەزا قورسەى پێ مەیسەر بکات ...!

heme a.rasoel 961@yahoo .com

 


                                                                                                      بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                                                      Copyright © 2008