بە داخەوە قسەکانى (عبدالباری عطوان) هاتنەدى
سەمەد ئەحمەد
(عبدالباری عگوان) سەرنووسەرى رۆژنامەى (القدس العربی) زۆر لەوە ناسراوترە کە
پێویست بکات ئێمە لێرەدا جارێکى تر بە خوێنەرانى بناسێنینەوە، بەڵام لەگەڵ
ئەمەشدا بە پێویستى دەزانین کە هەندێ زانیارى لەسەر ئەم پیاوە بخەینەڕوو.... (عگوان)
ئەگەرچى شۆڤێنیەکى عەرەبى دەرەجە یەکە، بەڵام لەمەزیاتر نەیارێکى سەرسەختى
ئیسرائیل و ئەمەریکایە..... دوژمنایەتى ئەم پیاوە بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل لە
ئاستێکدایە، ئەگەر ئەم دوژمانیەتییە لەگەڵ عەرەبچێتیدا بخەینە دووتاى
تەرازوویەکەوە، ئەوا تاى دوژمنایەتى ئیسرائیل و ئەمەریکا نەوى دەبێت و تاى
عەرەبچێتیش دەچێتە حەوا ! ئەمە قسەیەک نییە لە خۆمانەوە بیڵێین و نەتوانین
بیسەلمێنیین.
نازانم هەموو خوێنەرانى ئەم گۆشەیەى ئێمە لە یادیانە یان نا، بەڵام من چاکم لە
یادە، ئەوکاتەى رژێمى بەعس لە عیراق لەگەڵ ئێراندا لە شەڕدابوو، (عگوان) یەکێک
بوو لە دوژمنە سەرسەختەکانى رژێمى بەعس لە عیراق....ئەودەمە دەیان وتارى لە دژى
رژێمى بەعس بڵاوکردەوە و زۆر بە ئاشکرا پشتیوانى لە ئێران دەکرد، هۆکارى ئەمەش
ئەوەبوو کە ئەوکاتە ئەمەریکا و ئیسرائیل دۆست و هاوپەیمانى عیراق و دوژمنى
سەرسەختى ئێران بوون. بە کورتى بڵێین: ئەم پیاوە دۆستى هەموو ئەو کەس و
لایەنانەیە کە دوژمنى ئیسرائیل و ئەمەریکان و دوژمنى ئەوانەشە کە دۆستى
ئەمەریکا و ئیسرائیلن... ئیدى گرنگ نییە ئەگەر ئەو لایەنە عەرەبچییەکى
دەرەجەیەکى عەیار بیست و چواریش بێت. لەم دەروازەیەوە دەمەوێت قسە لەسەر ئەسڵى
مەبەستى ئەم نووسینە بکەم...
ساڵى 2003 ئەوکاتەى کە رژێمى بەعس لەسەرووبەندى رووخاندابوو، (عبدالباری عگوان)
دیارترین قسەکەرى سیاسى عەرەبچى کەناڵەکانى (الجزیرە) و (العربیە) و زۆر کەناڵى
ترى راگەیاندن بوو، ئەم پیاوە بە شێوەیەکى ناواقعیانە کەتبووە فشکردنەوەى سوپاى
لەرزۆکى عیراق و گاڵتەپێکردنى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى کە لە کوێت و
سعودیە و وڵاتانى ترى کەنداو جێگیر بووبوون.... کاتێکیش رۆژى 9 /4 ى هەمان ساڵ،
شارى بەغداد ئازادکرا و رژێمى بەعس بە یەکجارى لەکارکەوت، ئەم پیاوە نەک دەمى
لە کارنەکەوت، بەڵکو لە جاران زیاتر دەم هەراشتر بوو.. بە راست و بە چەپدا
کەوتە هەڕەشە و جنێودان و قسەى سووککردن بەو کەس و لایەن و وڵاتانەى کە هاوکارى
ئەمەریکایان کرد لە رووخانى رژێمى بەعسدا.
دیارترین ئەو هێز و لایەنانەى کە ئەوکاتە دۆست و هاوپەیمانى ئەمەریکا بوو لە
عیراق ، هێزى کوردى بوو، کورد بە جەماوەر و سەرکردایەتییەوە دەست لەملانى
ئەمەریکابوو.
ئەوێ رۆژێ کورد دڵنیا و پشت ئەستوور بە بەڵێنەکانى ئەمەریکا کە عیراق دەکاتە
وڵاتێکى دیموکراتى نموونەیى، زۆر دڵخۆش بوو بەوەى کە کەرکوک و تەواوى ناوچە
دابڕاوەکانى ترى کوردستان دەگەڕێنەوە سەر خاکى کوردستان.
ئەو دەمە (وا بزانم تەنها هەفتەیەک بوو کە رژێمى بەعس رووخابوو)، (عبدالباری
عگوان) لە چاوپێکەوتنێکى (الجزیرە) وتى: با کورد و سەرکردایەتییەکەى لەوە
هۆشیارتربن و بزانن کە ئەمەریکا هەرگیز ناهێڵێت و رازى نابێت کە کەرکوک ببێتەوە
بە بەشێک لە کوردستان !
من کاتێک گوێم لەم قسەیە بوو، بزەیەک گرتمى، بەدەست خۆم نەبوو، لە لایەک گاڵتەم
پێهات و لە لایەکى تریشەوە بەزەییم بە عەقڵیدا هاتەوە ، بەڵام کاتێک (عگوان) لە
درێژەى قسەکانیدا وتى: هۆکارى رازی نەبوونى ئەمەریکاش لەسەر گەڕانەوەى کەرکوک
بۆ سەر کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەرکوک شارێکى دەوڵەمەندە و ئەمەریکا
متمانە بە کورد و سەرکردایەتییەکەى ناکات کە ئابوورییەکى ئاوها گەورە و گرنگ
بکەوێتە ژێر دەستییانەوە !! چونکە کورد و سەرکردایەتییەکەى هەرگیز لە ئاستى ئەم
بەرپرسیارێتییەدا نیین!!
ئیدى من تەبیعەتم تێکچوو و سەر و دڵم گیرا، لە لاى خۆمەوە کەوتمە سەرزەنشتى ئەم
پیاوە شۆڤێنییە.. بە داخەوە نەمزانى (عبدالباری عگوان) لە من و لە هەموو کورد و
سەرکردایەتییەکەشى وردبینتر و دووربینترە.
بە داخەوە ئێستا و لە دواى زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر رووخانى بەعسدا، قسەکانى (عبدالباری
عگوان) لەمەڕ ئەمەریکا و کورد و کەرکوک راست دەرچوون. بۆ سەلماندنى راستى
قسەکانى (عگوان) لەسەر رازی نەبوونى ئەمەریکا لە گەڕاندنەوەى کەرکوک بۆ سەر
کوردستان، قسەیەکى (د. بەرهەم ساڵح) دەهێنمەوە کە لە چاوپێکەوتنێکى ژمارە (71)
گۆڤارى (لڤیین)دا دەڵێت: (لە گەڕانەوەى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکاندا بۆ سەر
هەرێمى کوردستان، ئەمەریکا لەگەڵ کورددا نییە...)، هەروەها (د. محمود عوسمان)یش
لە وتارێکیدا کە لە (لا - 15)ى ژمارە (73)ى هەمان گۆڤارى (لڤیین)دا دەڵێت: (سەبارەت
بە دەنگدانەوەى مەسەلەى کەرکوک بۆ دەرەوە لێکدانەوەى وردمان نەبوو، وا لە ئێمە
گەیەنرا کە ئەمەریکا لەگەڵ ئێمەدایە، بەڵام دەرکەوت لە شەڕى نێوان ئێمە و
تورکیادا لەگەڵمان نەبوو، لە مەسەلەى کەرکوکیش هەر لەگەڵماندا نییە....) ، (د.
محمود) لە شوێنێکى ترى هەمان وتاردا دەڵێت: (کێشەى ئێمە عەرەب و تورکمان نییە،
کێشەى ئێمە ئەمەریکایە...).
لە دواى دەرکەوتنى ئەم راستییە تاڵانە، زۆر ناخۆشە کە دەڵێم: بە داخەوە قسەکانى
(عبدالباری عگوان) هاتنەدى!
samadahmad@yahoo.com
|