زێبارى قایل نابێت فەرماندە کوردەکانى لیواکانى
موسڵ و کەرکوک لاببرێن و (زوبەیدیش) دەکرێتە سەرکردەى فیرقەکەى کەرکوک
سەرچاوەیەکى سەربازى بەرز کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت بە (هەواڵ)ى راگەیاند
لەچوار چێوەى هەوڵ و پلانەکانى لایەنە سیاسیەکانى ناوحکومەتى عێراق بۆ
کەمکردنەوەى رۆڵى سەرکردە سەربازیە کوردەکانى ناوسوپا ، وەزارەتى بەرگرى عێراق
بەنیازە پێنج کوردى سەرکردە لەسوپاى عێراقی لەموسڵ لاببات و لەدواى
سەردانەکەىوەزیرى بەرگریش بۆ کەرکوک فەرمانى داوە ژمارەیەک ئەفسەرى پلە بەرزى
کورد خانەنشین بکات و هەندێکیشیان بۆ شارەکانى تر بگوازرێنەوە و فیرقەیەکى نوێش
لەشارەکە دابمەزرێت کەئەفسەرێکى عەرەبی شارى (حلە) سەرکردایەتى دەکات .
لەسەرئاستى کەرکوک دەنگۆى ئەوە لەئارادایە کە ئەو فیرقەیەى دادەمەزرێت کە
سەرجەم ئەفسەر و سەربازەکانى عەرەب دەبن و سەرکردە سەربازیە کوردەکانى کەرکوکیش
لادەبرێن .
سەرچاوە سەربازیەکەى (هەواڵ)یش وتى " بابەکر زێبارى سەرۆکى ئەرکانى سوپاى عێراق
قایل نیە لەسەر لابردنى ئەفسەرە کوردەکانى موسڵ واژۆ بکات لەبەر ئەوەى هیچ
پاساوێک بۆ لابردنیان نیە" .
جێی وتنە :کەناڵى (الشرقیە) کە سەعد بەزازى کۆنە راوێژکارى عودەى کورى سەدام
بەرێوەى دەبات لە راپۆرتێکدا باسى لە ناکۆکى قووڵى نێوان سەرۆک وەزیران نورى
مالیکى و تیمى سەربازى کوردى کرد لە وەزارەتى بەرگرى عێراقیدا لەدواى
رووداوەکانى خانەقین و کێشەى ئەفسەرە کوردەکان و هێزى پێشمەرگە ، بەڵام
سەرچاوەکەى هەواڵ بوونى ئەو ناکۆکیانەى رەتکردەوە .
هاوکات بە پێى زانیارییەکانى هەواڵ سەرکردەى فیرقە سەربازیە نوێیەکەى کەرکوک
ناوى ( عەبدولئەمیر رەزا ئەلزوبێدیە )و لە شیعەکانى شارى حللەیە و لەسەردەمى
حکومەتى بەعسدا لە بارەگاى فەیلەقى یەک لە کەرکوک ئەفسەر بوە .
سەرچاوەیەکى سەربازى لە کەرکوک ئەو هەواڵەى پشتراستکردەوە و جەختیشى لەوەکرەوە
کە فیرقەى (12) لە دوو لیواى فیرقەى چوار کە لە تکریتەو لە دوو لیواى نوێ
پێکدێت . سەرچاوەکە وتیشى کە ئەو بریارە دواى سەردانەکەى عەبدولقادرلعوبێدى هات
بۆ شارى کەرکوک و پاش گەرانەوەى بۆ بەغدا ژمارەیەک فەرمانى لەو بارەیەوە
دەرکردووە لەوانە دامەزراندنى فیرقەى(12) و گواستنەوەى فەرماندەى لیواى
(15) بۆ دیالەو خانەنشینکردنى (عەمید روکن باسم دزەیى فەرماندەى بنکەى مەشقى
کەرکوک و عەمیدى روکن یونس زێبارى سەرکردەى یەکەى پشتگیرى ) .
بەپێى سەرچاوەیەکى باوەر پێکراو زیاتر 50%ى سەربازەکانى سوپاى عێراق لە کەرکوک
بە نەتەوە عەرەبن .
|