بارزانى هەڕەشەى کشانەوەى کورد لە پرۆسەى سیاسی عێراق
دەکات
(مژدەکانی چاکە ) ئۆپەراسیۆنی تۆقاندنی سونەو گەڕانەوەی شیعە و دەرکردنی کوردە
بۆ ناوچەکانی پێش 9 /4
تایبەت بە هەواڵ : دیالە - بەغدا
سەرچاوە سیاسی و عەسکەریەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئۆپەراسیۆنی (مژدەکانی چاکە)
لە مەرامە دەستنیشانکراوەکانی لایداوەو بۆ جێبەجێکردنی چەند ئەجیندایەکی تر
درێژەی پێدەدرێت .
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر حکومەتی عێراقی بەمەبەستی راوەدونان و پاککردنەوەی
ناوچەی دیالە لەتیرۆر دەستی کرد بە ئەنجامدانی قۆناغەکانی (مژدەکانی چاکە)
بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە لە ئاراستەکانی خۆی لایداو ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتەوە ،
هەر لە سەرەتایەوە ئەو هێزە ئەمنیانەی کە لە بەغداوە هاتبوون بۆ جێبەجێکردنی
ئۆپەراسیۆنەکە بەتایبەتی فیرقەی یەک ، سکرتێری پارێزگای دیالەیان کوشت و
بەدەیان مامۆستای زانکۆ و کادیری تەدریسیان دەستگیر کرد کە زۆربەیان لە عەرەبی
سونەن .
لەلایەکی تریشەوە هێزەکانی حکومەتی مەرکەزی بەرەو ئەو ناوچانەی پارێزگاکە
هەڵکشان کە لە دوای (9/ 4/ 2003 )ەوە هێزی پێشمەرگەی ئەرکی پاراستنیانی گرتۆتە
ئەستۆو لەناحیەی قەرەتەپە کە لیوای (34)ی پێشمەرگەی لێیە دەستیان کردە
ئیستفزازی پێشمەرگەی حیزبە کوردیەکان و دانیشتوانی ناوچەکە ، بەڵام بە
بڕیاری حکومەتی هەرێم ئەو لیوا پێشمەرگەیە کشایەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی
حکومەتی بەغدا بەردەوامبوون لە هەنگاونانی ترسناکی ترو بەرەو ناو شاری خانەقین
لەشکر کێشیانی دەکرد ، ئەمەش پەیوەندیەکانی بەغداو هەولێر ئاڵۆزتر کرد و بەپێی
سەرچاوەیەکى تایبەت، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم پێش کشانەوەى سوپاى عێراق لە
خانەقین لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ نورى مالیکیدا هەڕەشەی کشانەوەی کوردی
لە پرۆسەى سیاسى عێراق کردووە ئەگەر هێزەکانی سوپا لە خانەقین نەکشێنەوە، ئەوەش
وای لە مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ تاریق
هاشمی و عادل عەبدولمەهدی هەردوو جێگری سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات و لەگەڵیاندا
تاوتوێی دۆخەکەو هەرەشەکانی بارزانی بکات .
لەلایەکی ترەوە سەرچاوە سیاسیەکانی پارێزگای دیالە جەخت دەکەنەوە کە ئامانجی
بنەڕەتی لە (ئۆپەراسیۆنی مژدەکانی چاکە) گەڕاندنەوەی شیعە هەڵاتووەکانی
ناوچەکەیە لە پێش هەڵبژاردنەکان کە ژمارەیان 150 هەزار کەسەو لەماوەی چوار ساڵی
رابردوودا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی نێوان سونەو شیعە لەناوچەکە هەڵهاتوون .
لەبەرانبەردا ترس و نیگەرانی سونەکانی ناوچەکەی گرتۆتەوە ، چونکە تاکو ئێستا
حکومەت هیچ کارێکی نەکردووە بۆ گەرانەوە هەڵهاتووە سونەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان
.
سەبارەت بە کوردیش (ئۆپەراسیۆنی مژدەکانی چاکە ) بە فاکتەری ئیستفزازو
کەمکردنەوەی رۆڵیان لە پارێزگاکە دادەنێن مەترسی ئەوەیان هەیە ئەوەی لە خانەقین
و جەلەولاو قەرەتەپە و جەبارە روویاندا لە ناوچەکانی کەرکوک و موسلێیش
رووبدەنەوە پێیانوایە حکومەتی بەغدا کار بۆ گەڕانەوەی هەژموونی کوردی بۆ پێش
سنوری 9 / 4/ 2003 یان هێڵی سەوز دەکات بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
پارێزگاکان .
|