ژەنەرال ئۆدیرنۆ ئەندازیارى دەستگیرکردنى دیکتاتۆر
سەباح تاهیر
وەک چاوەڕوان دەکرا لە 11 یۆلیۆ ژەنەرال ئۆدیرنۆى یاریدەدەرى پیتریۆس لەلایەن
ئەنجومەنى پیران بە زۆرینەى دەنگ بە 96 دەنگى بەڵآ بەرامبەر یەک دەنگى نەخێر بە
فەرماندەى هێزەکانى فرە نەتەوە لە عێراق دەست نیشانکرا . ئۆدیرنۆى 54 ساڵ
خاوەنى پلانى شەش ستراتیژ لەگەڵ پیتریۆس ئەو پلانەى توانى عێراق لە لێوارى
جەنگى ئەهلى و توندوتیژیەکى بێهاوتا بگوازێتەوە بۆ تاڕادەیەکى زۆر باش لە
ئارامى .
ئۆدیرنۆ ئەو فەرماندەیە بوو کە سەدامى دیکتاتۆرى لە حەشارگەکەى دەرهێنا و بە
ئەندازیارى پرۆسەى دەستگیرکرنەکەش ئەژمار دەکرێت ، هەروەها دارێژەرى پلانى
سەرەکى هەڵتەکاندنى ڕێکخراوى " ئەلقاعیدە " لە عێراق ، کاتێک توانى
عەشیرەتەکانى ئە نبار لە ئەنجومەنێکى سەحوە کۆبکاتەوە بۆ دژایەتى ئەم ڕێکخراوە
تیرۆرستیە ، لەدواى چەند دانشتنێک لەگەڵ شێخ سەتار ئەبو ڕیشە . شاراوە نییە
پارَێزگاى رومادى بە هێزترین پێگەى ڕێکخراوى ئەلقاعیدە بوو . دواتر ئەم ئەزمونە
لە دەوروبەرى بەغداى پایتەختیش تاقیکرایەوە و ئەنجامى سەر سوڕهێنەرى بەدەستهێنا
.
ژەنەڕال ئۆدیرنۆ یەکێک لەو فە رماندە ئەمەریکیانەشە کە بەردەوام گومان لە ڕۆلى
نەگەتیفانەى ئێران دەکات لەعێراق ، تەنانەت لەکاتى سەردانەکەى ئەحمەدى نەژادى
سەرۆک کۆمارى ئێران ووتبوى هیچ تووشى سەرسوڕمان نەبووم کاتێک لە ماوەى ئەم
سەردانە هیچ هێرشێکى تەقینەوە یا خود مووشەک باران ڕووینەدا ، چونکە گومانم
نییە ئەم پەلامارانە بە ئیعازى ئێرانیەکان ئەنجام دەدرێت لەلایەن گروپە
چەکدارەکانى شیعەوە . کە هەمیشە لە میانى سەردانەکانى بەرپرسانى ئەمەریکى بۆ
ناوچەى سەوز ڕووبەڕووى دەبینەوە .
ژەنەڕال ئۆدیرنۆ لەو باوەڕەشدایە بە تەنها پرۆسە سەربازیەکان مەسەلەى ئەمنى لە
عێراق بەرقەرار ناکات بەڵکو دەبێت هاوشانى پرۆسەى سەربازى پرۆسە سیاسى و
ئابوریەکانیش بەرەو پێش ببردرێن ، بە تایبەتى گەشەپێدانى ئابورى و
ئاوەدانکردنەوە . بۆیە دەبینین لە پلانە ستراتیژیەکانى گرنگى ئابورى و
دۆزینەوەى هەلى کار بۆ عێراقیەکان لەلایەن تیمى ئەندازیارى ئەنجام دەدرێت .
چاوەڕوان دەکرێت لەم ماوەیەى فەرماندەیى " ژەنەڕال ئۆدیرنۆ " گۆڕانکارى زیاتر
لە پرۆسە سەربازیەکان ڕووبدات و گورزى زیاتر لە ڕیکخراوە چەکداریەکان بدرێت بە
تایبەتى ڕێکخراوى " ئەلقاعیدە " کە بە گوێرەى توێژینەوە سەربازییەکان ئەم
ڕێکخراوە لە عێراق باڵانسى خۆى لە دەست داوەو بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت .
هەروەها گوشار بخاتە سەر حکومەتى عێراق سنورێک بۆ گەندەڵیەکان دابنێت و پەلە
بکەن لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریەکان بۆ هاوڵاتیان لەم بوارەشدا تیمى
ئەندازیارى هاوکاریان دەبێت . بە دووریش نازانرێت ئۆدیرنۆ پێشنیازى کەمکردنەوەى
هێزەکانى فرەڕەگەز بخاتە ڕوو ، هەر چەندە بۆ پلانە ستراتیژیەکەى کاتى خۆى بە
پێچەوانەى ئەوانى تر داواى زێدەترکردنى هێزى سەربازى کردبوو بۆ پلانى ئەمنى
بەغدا . ئەوەبوو سەرکەوتنێکى گەورەى بەدەست هێنا .
|