بەهۆی فیلمەکەی کوشتنی ساداتەوەیە
میسر نووسینگەکانی کەناڵی ئاسمانی (العالم) دادەخات


بەهۆی ئەو فیلمە ئێرانیەوە کە لەبارەی کوشتنی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشووی میسرەوە دەرکراوە حکومەتی میسر نوسینگەکانی کەناڵی ئاسمانی (العالم) دادەخات .
سەرچاوە ئەمنیەکان رایانگەیاند کە حکومەتی میسر هۆکاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ناوبراوی گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو کەناڵە مۆڵەتی پێویستی کارکردنی لە حکومەت وەرنەگرتووە ، هەروەها روونیشیان کردەوە کە هێزە ئەمنیەکان لەکاتی داخستنی نووسینگەکاندا دەستیان گرتووە بەسەر کۆمپیوتەرو کامێراو کەرەستەکانی تردا .
جێی باسە داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئاسمانیی (العالم) دوای بانگکردنی سەرۆکی نوسینگەی سەرپەرشتیکردنی بەرژەوەندیەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دێت لە قاهیرە بەهۆی ئەو فیلمە ئێرانیەی باس لە کوشتنی سادات دەکات دوای رێکەوتنی کامب دێڤید لەگەڵ ئیسرائیلدا میدیا حکومیەکان لە میسردا رایانگەیاند ئەو فیلمە رەنگە زیان بە پەیوەندیەکانی هەردوو وڵات بگەیەنێت . جێی باسە لەساڵی 1979 و لەنێوان ئێران و میسردا پەیوەندیی دیبلۆماتی تەواو لە ئارادا نەبووە کە ئێران بەهۆی چوونی شاوە بۆ میسر ئەو پەیوەندیەی پچڕاندووە .
لەو بارەیەشەوە حکومەتی ئێران لە مانگی کانوونی دووهەمی رابردوودا روونیکردەوە کە لەسەروبەندی دەسپێکردنەوەی پەیوەندیەکانیدایە لەگەڵ قاهیرە ، بەڵام حکومەتی میسر تەئکید لەوە دەکاتەوە کە دەبێ حکومەتی ئێران ناوی ئەو شەقامە بگۆرێت کە بەناوی بکوژی ساداتەوە ناونراوە و هەموو ئەو وێنە دیوار بەندیانەش لە تارانی پایتەختدا لاببرێت کە کوشتنەکەی ئەنوەر سادات دەخەنەروو ، وێڕای چارەسەرکردنی هەندێ دۆزی ئەمنی .
 


                                                                                                      بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                                                      Copyright © 2008