ژنکوشتن  بەرهەمی توندوتیژییە
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ


ژنکوشتن ، بەرهەمی توندوتیژییە و بەرزتین حاڵەتی توندوتیژییە ، دەرکردنی ڕۆحە لە جەستەی ژن بەبێ خواست و ئیرادەی خاوەنی ڕۆح ، کە ئەمەش کردارو هەڵوێستێکی نارەوایە ! دژ بەو چارەنووسەیە کە لەدەرەوەی ئیرادەی مرۆڤدا دیاریدەکرێت ! ئاشکرایە لەروانگەی ئایینەوە ، گیان و رۆح نیعمەتێکە لە نیعمەتە سەرەکییەکان ، ژنکوژ بکەری کافراندنی نیعمەتە و تاوانبارە بەهەموو پێوەرەکان ، رۆحی تاوانباریی ، کە بڕیاری ناوەخت و نابەجێی بەجێهێشتنی جەستە ئەدات ، دەچێتە دۆزەخ و لاشەکەی نابێت لە گۆڕستانی موسڵماناندا بنیژرێت و بەکافرێکی نەفرەت و بێڕێز دەبێت لە قەڵەم بدرێت ....! لە ئاییندا هاتووە ، هەر کەسێ رۆحێکی کوشت وەکو ئەوە وایە هەموو رۆحەکانی سەرزەمینی کوشتبێت ، ئە م چەند رستەیە دەبوایە پیاوانی ئایینی کوردستانی بێدەنگ و بێهەڵوێست لە گوتارو خوتبەی هەموو هەینییەکد و لە مینبەرەکانی دیکەشدا بانگەوازو یاداشتیان بکردایە ، بۆ ئەوە کوشتن نەبێتە کارو
کردەوەیەکی ئاسایی و بوێرانەی ئەو بکوژو ژنکوژانەی لافی نامووس و پیاوەتی لێدەدەن ...!
رەگەکانی کەلتووری توندوتیژی بەستراونەتەوە بە ئامادەگی غەریزییەوە لای تاکی کورد ، ئەم غەریزەیەش سەرچاوەو کانگای هەڵقوڵانی خۆی هەیە کە پاشتر باسیدەکەم ، رەمەکی توندوتیژی کوشتن و مەرگ بەرێوەی دەبات ، سەرچاوەکەشی لەرق و کینەوە دێتە دەرێ و غەریزەی مەرگ فەراهەمدەکات ، لەکاتێکدا خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی ئافەریدەکاری غەریزەی ژیانن کە ئەم غەریزەیەش لای تاکی کورد ئامادەگی نیەو زەمینەی لە کۆمەڵگادا بۆ خۆشنەکراوە ...
توندوتیژی لەم ئاستەدا بەرهەمی کارکردنی رەمەکی مەرگە ، ئەم رەمەکەش دەبێتە مایەی وێرانکاری کە مرۆڤ بۆ لە ناوبردنی شتێک کە دەکەوێتە دەرەوەى خۆیەوە ، بەکاریدێنێت ...
بەڵام ئایا رەگەکانی کەلتووری توندوتیژی لە کۆمەڵگاکەماندا لە کوێوە بنجیان داکوتیوە و سەرچاوە دەگرن ؟ کەلتووری توندوتیژی نێو کۆمەڵگای کوردی سێ رگوڕیشەى سەرەکی هەیە ، کە بریتین لە دابونەریت و نۆرم و بەهای کۆمەڵایەتی یکە لە عەقڵییەتی کۆنە خوازی فیوداڵی و دەرەبەگی و خێڵ و هۆزە بە توندی داچۆڕاوەتە گشت کونج و کەلەبەرێکی کایەکانی ژیانمانەوە ... هەروە ها وتاری ئاینی پەڕگیری زاڵ و سەردەست ، کە هەڵوێست و پێگەی پتەوی سەلەفی تاقەت پڕوکێن پیاوانی ئاینی توندڕەوو کەللەڕەق خەمڵاندوویانە ، دواجار پەرەوەدەی خێزانی – کۆمەڵایەتییە ، کەلە ئاکامدا کەلتووری نێر سالاریی کردۆتە نەریتێکی باوی نەسراوو سوننەتی !
بەشەرعیکردن و بە فەرمیکردنی کۆمەڵگای نێرسالاریی ، هێزو تواناو دەسەڵات دەداتە دەست نێرو لەژنی دەسەنێتەوە ، ژن دەبێتە هاوڵاتی پلە دوو ، دەبێتە سێبەرو کۆیلە ، نێربکەرەو مێ وەرگرە و جێبەجێکاری فەرمانی و بڕیارە زۆرو زەوەندەکانی نێرە ... !
پەیوەندی نێوان رەگەزەکان دەبێتە حەرامکراوو تابوو ، چونکە لە وتاری ئاینیشدا جووداخوازی رەگەزی میراتییەکەو ماوەتەوە ، وەکو بابەتێک و بیردۆزو ئایەتێکی موقەدەس و پیرۆزو گەرا حسێبی بۆ دەکرێت !
لە کۆمەڵگای نێر سالاریدا ، پەروەردەی کۆمەڵایەتی – خێزانیش گوزارشت لە فەرهەنگێک دەکات کە پڕە لە فەرمان و لە فەرمایشت و لە بڕیار ، کە پیاو بەشێوازێکی توند بەسەر رەگەزی مێدا دەیسەپێنێ ، ئەتمۆسفیری ژیان بۆ قەترەیەکیش بێت گفتوگۆو ئاخاوتن و دیالۆگی تیادا بەدیناکرێًت ، ئاخاوتن لە نێوان نێرومێی کوردا لە رزۆک و قرچۆکە لەنێوان گەورەو بچووکدا بڤەو دانسقەیە ، لەنێوان دایک و باوکدا نیە ، لەنێوان خوشک و برادا هێشتا دروست نەبووە ، بە کورتییەکەی پەیوندی نێوان ژن و پیاو ، لە پەیوەندی نێوان شیعەو سوننەی عێراق دەچێت ، لەپەیوەندی نێوان دوو حیزبی براکوژ دەچێت ، لە پەیوەندی نێوان فریشتەو جنۆکە دەچێت ....!
نزیکبوونەوەی ئەم دوو ڕەگەزە گرنگەی ژیان لە کوردستاندا ، نائاسایی و ناوازەو ئاڵۆو و پڕ لە ئیشکالییەتە ، نزیکبوونەوەو بەرابەرکردن و هەوڵدان بۆ یەکسانیکردنیان ( لەماف و لە ئەرکدا) لەدیدی زۆرینەی پیاو ماقوڵان و سیاسەتمەداران و پیاوانی ئاینی و شێخ و دەرەبەگ و ئاغ و بگرە مسکێنیشەوە ، کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورەیەو کاولکاری و کاولبوونی ژیان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەم کۆموڵگا دواکەوتووە داخراوەی ئێمەی لێدەکەوێتەوەو بەدیوەکەی دیکەشدا گۆڕان و وەرچەرخانێکە کە بەڵگەنەویست و حەتمییەو هەردەبێت ژنی کورد ئازاترو ئازاترو مرۆڤتر بژی ...!
فەرەهەنگی پەرەوەدەیی نێو کۆمەڵگای نێرسالاریی ، هاوکێشەیەکی ناهاوتاو نایەکسانی دەستەبەرکردووە ، کە لەژێر ناونیشانی (فەرهەنگی زاڵ)دا فەرەهەنگی ملکەچی و بەکۆیلەکردنی ژنی تیا نووسیوەتەوە ، ملکەچ وکۆیلەش ، لاوازو بێهێزن ، کە لەرووی دسەڵاتەوە کەسێکە و شایانی یەکسانی و هاوسەنگی نیە لەگەڵ پیاوی بەهێزدا ... بەڵام سەیر ئەوەیە شەرەف و شکۆمەندی و نامووس و سەربەرزی خێڵ و هۆزی یەکسان کردووە بەشەرەف و نامووسی ژن ... ژنیش نیوە مرۆڤە !!!
ژنی کورد وەکو مرۆڤ و ئیرادەو کەسێتی و رۆڵ و کارکردن حسێبی نیو یان لەتێک مرۆڤی بۆ دەکرێت ، ژن وەکو ئینسان ئازاد نیەو مافی ژیان و مردنی بەدەست پیاوی کوردەوەیە ... پیاویش هەتا سەر ئێسقان دژی ئازادی و ماف وهەقی ژیان و خوێندن و هەڵبژاردنی ژنە .
لە کۆمەڵگای نێرسالاریدا ، هەموو شتێک رەوایە بۆ پیاو ، هەموو شتێک بەدەست پیاوەوەیە ، دەسەڵات  و هێز و بریارو میراتی وتەڵاق ومارەیی و وتاربێژی و خوتبەدان و گەواهیدان و خیانەتی هاوسەرگیری و ... هتد .
بەڵام ژن تەنها چاوە گەشەکانی زەقەیاندێ ، ژنی کورد سێبەرو کۆیلەیە بووەتە کاڵاو کەلوپەلێک و پیاو مافی سەوداسەری هەیە ، دەتوانێت کەی بخوازێت لەناویبەرێت و فرێیبدات و زیندە بەچاڵی بکات و دەتوانێً وەکو جگەرەکەی دەستی بیستووتێنێ ... !
لەم حاڵەتەشدا کە ژنی کورد بووبێتە هاوڵاتی پلەدوو ، هێزو دەسەڵاتی لێسەندرابێتەوە ، مافی مرۆڤبوونی بچووککرابێتەوە بۆ بوونەوەرێکی ئاخنراوی نێو ژورێک و خستنەوە و پەروەدەکردنی منداڵی پێڕەوا ببینرێت ، نایەکسان و نوقسان و بێماف حسێبی بۆ بکرێت ، دەچەوسێنرێتەوە و ژیانی پەراوێز دەکرێت ، خولیاو خەونەکانی پێشێل دەکرێت و لەبار دەبرێت ... لەبەرامبەریشدا پیاوی کورد عەقڵییەتی خێڵەکی – داخراوی – جەهالەتگەرای کرابێتە سەر ، توانای دەربڕین و گوزارشت و قسەکردنی ئاسایی نەبێت ، چۆن دەتوانێ دیالۆگ و ئارگومێنت لەگەڵ ژندا بکات .. پیاوێک لەدەروە بچەوسێتەوەو خۆی پەراوێزو زەلیل و سەفیل بکرێت ، چۆن لە ماڵەوە خۆی بە ئامرازەکانی توندوتیژی بەتاڵناکاتەوە ... !؟ ئیدی چۆن رق جێی خۆشەویستی و غەریزەی مەرگ جێی غەریزەی ژیان ناگرێتەوە ...! لە گۆشەی داهاتوو ، سایکۆلۆژییەتی ژنکوژ شرۆڤە دەکەم !
heme a.rasoel 961@yahoo .com

 


                                                                                                          بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                                                          Copyright © 2008