ئەمجارەیان قەدەر قوتاری
کردین
شوان داودى
دوای روخانی دەسەڵاتی بەعس، عێراقە حەیاتەکەی سەدام حوسێن و ئومەی عەرەبی بە
عەمەلی لەسەر زەوی دابەش بوو ، بۆ دروست کردنەوەی و جارێکی تر بەیەکەوە لکاندنی،
کوردە حەیاتەکەی خۆمان قسوری نەکرد، مامەو کاکە چوونە بەغداو لێی دانیشتن،
بوونە دەم سپی عێراق و خانەقایان بۆ برا ناکۆکەکان کردەوە تا لەسەر دەستی ئەوان
ئاشتببنەوەو عێراقی پارچە پارچە بووش جارێکی تر بەیەکەوە بلکێندرێتەوە ..
خوا کاریان راست کات کارێکی خراپیان نەکرد ، چونە پرۆسەی سیاسی عێراقەوەو بوونە
کۆڵەکەیەکی سەرەکی دروستکردنی عێراقی نوێ – عێراقی یاساو دەستوور .
شەڕی دونیامان کرد تاوەکو کێشەکانی خۆمان لە کێشەی سیاسیەوە کردە کێشەی
دەستووری، بەو ئومێدەی بەیاسا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە مادەیەکی دەستوریمان
بەژمارە (140) دەستبەرکرد .
تاکۆتایی 2007 خۆمان بە جێبەجێکردنی ئەو مادەیەوە خەڵەتاند ، دواتر بەوە خۆڵمان
کردە چاوی خۆمان کە گوایە کاک دیمستۆرا هەڵبژاردنی (2005) دەکاتە بنەما بۆ
شیکاریەکانی کەچی وا دەرنەچوو ، ئێستا دڵی خۆمان بەوە ئەدەینەوە کە گوایە
دیمستۆرا دانی بە هەڵەکانی خۆیدا ناوەو پەشیمانە، کە وانیە، تەنها بۆ دڵ
راگرتنی کورد دانی بەهەندێ هەڵەی چاپدا ناوە بەڵام بەخوا پەشیمان نیە ... ئەمە
هەمووی بەتاکێکی ، ئەوەی 15/ 7 /2008 لەپەرلەمانی عێراقدا رویدا بەتاکەکەی
ترەوە .
15/ 7/ 2008 بۆ دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان مادەیەکی
نایاسایی دژ بەدەستور بەژمارە (25) خزێنرایە نێو پرۆژە یاساکەو پرۆژەکە هێنرایە
سەرمێزو لیستی هاوپەیمانی کوردستان و لیستی یەکگرتووی ئیسلامی هەڵوێستیان لێ
وەرگرت و هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت کە بووە هۆی ئەوەی نیساب تەواو نەبێ بۆیە
دواخرا .
نامەوێ شیکاری نایاسایی و نادەستوری مادەکە لێرەدا بکەم چونکە بەیاننامەکەی
لیستی هاوپەیمانی بەجوانی شیکردۆتەوە ، بەڵام کۆمەڵێ پرسیارم لا دروست بووە کە
ئەمەوێ لێرەدا ئاراستەی سەرکردایەتی سیاسی بکەم .
-ئتیفاقی چوار قۆڵی نێوان پارتی و یەکێتی و دەعو و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی
ئیسلامی لە کوێی ئەم پرۆژە یاسایەدایە ؟
-ئتیفاقی ستراتیژیەکەی سەرکردایەتی کوردو حزبی ئیسلامی عێراقی کەوتە کوێ ؟
-هاوپەیمانان و ئەمریکیەکان و بانگەشەکەرانی دیموکراتی رایان چیە لەتێهەڵدانی
دەستورە حەیاتەکەیان ؟
ئەمانەو کۆمەڵێ پرسیاری تر .
دیارە قەدەر ئەمجارەیان لە قازانجمان کەوتەوە کە هەندێک لە پەرلەمانتارە
عەرەبەکان ئەو رۆژە عەیب نەبێ غائیب بوون ، ئەگینا حاڵمان حەلوەلا ئەبوو چونکە
نیساب بە (138) ئەندام پەرلەمان تەواو دەردەچێ ئەو رۆژە دوای هاتنە دەرەوەی
هاوپەیمانی و یەکگرتوو (133)ئەندام لە هۆڵەکەمانەوە ... ئەگەر (138) بمایە
یاساکە دەنگی لەسەر ئەدر و دەبوو بە یاسا .
پرسیارەکە لێرەدایە ئەگەر ئەو رۆژە قەدەر قوتاری نەکردینایەو دوای هاتنە
دەرەوەی برادەرانیش نیساب تەواو بوایەو یاساکە دەنگی لەسەر بدرایە چیمان دەکرد
...
هەڵویستمان چی دەبوو !؟
بۆیە پێموایە ئەگەر تا ئێستا بیر لەوە نەکراوەتەوە کە پاشەکشە لە پرۆسەی سیاسی
عێراقدا بکرێ دەبێ لەئەمڕۆوە بەجدی بیری لێ بکەینەوە بەرای من کاتی ئەوە هاتووە
کورد کارتەکانی خۆی لە چەکمەچە داخراوەکان دەربکات و بیانخاتە سەر مێزەکان و
شەرم لەوە نەکات کە ساتێک بەهۆکاری دابەشکردنی عێراق لەقەڵەمی بدەن و بەسەرجەم
رێکەوتنەو ئاشکراو نەهێنیەکانی خۆیدا بچێتەوەو مەترسی نەخاتە سەر پرۆسەی سیاسی
عێراق .
هیچ نەبێ لەبەر ئەوەی خوانەکەران ئەگەر لە کۆتاییدا دۆخەکە لەبەرژەوەندیمان
نەبوو ئێمە وێژدانمان ئاسوودە بێ نەک وەکو کابرای قورمارچی کە دۆرا بڵێین بە (
) مانەوە .
|