رزگار عەلی : هەر بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی
ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی کەرکوکەوە دەربکرێت و پێچەوانەی دەستوور بێت
رەتدەکرێتەوە
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا کەرۆژی چوارشەممە بەسترا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی
ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە ، رزگار عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
تەئکید لەوە دەکاتەوە کە هەر بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەنجامدانی
هەڵبژاردنەکانی کەرکوکەوە دەربکرێت و پێچەوانەی دەستوور بێت رەتدەکرێتەوە .
رزگار عەلی روونیکردەوە کە لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا کۆمەڵێک بیروڕای دژ
بەیەک هەن لەبارەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان بەگشتی و ئەنجومەنی شاری کەرکوک
بەتایبەتی .
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند کە بەداخەوە تا ئەم ساتە پەرلەمانی
عێراق دانی بەخەڵکی شاری کەرکوکدا نەناوەو سەربەخۆیانەو بەپێی ئارەزووی خۆیان
بڕیار دەردەکەن و جەختی لەوەش کردەوە کە هەموو ئەو بڕیارانەی لەبارەی کەرکوکەوە
دەردەکرێن و پێچەوانەی دەستوورن رەتدەکرێنەوە ، بەتایبەتی ئەگەر دژی ئیرادەی
خەڵکی شاری کەرکوک بێت .
رزگار عەلی ئەوەشى وت کە دەبێ ناوچە دابڕاوەکان بگەڕێنرینەوە سەر کەرکوک کە
حکومەتی عێراق بەپێی مادەی (58)و دواتریش مادەی (140)ی دەستوور کاری نەکردووەو
زۆرینەی کێشە گرنگەکان وەک خۆیان ماونەتەوە .
لەبارەی پۆستە باڵاکانیشەوە رزگار عەلی باسی لەوە کردووە کە شتێکی شیاو نیە
لەکۆی (29) کورسی ئەنجومەنی پارێزگا ئەگەر لیستێک (4) کورسی هەبێت کەچی
لەبەرانبەر ئەو (4) کورسیەدا داوای پۆستی پارێزگار بکات و لیستێکی تریش (2)
کورسی هەبێت و داوای پۆستی جێگری پارێزگار بکات .
ناوبراو هەروەها دەڵێت ئەگەر پەرلەمانی عێراق داوای رێژەی 32% دەکات ئێمەش
پێیان دەڵێن ئێوە دژی دەستوور کاردەکەن و ئەگەر لەسەر ئەو داوایەتان سوورن با
ئەو رێژەی 32% بۆ هەموو پارێزگاکان بڕیاری لێبدرێت ، چونکە لە عیمارەدا سابیئە
و لە بەغداشدا کورد هەن ، یان با لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵدا رێژەی تورکمان
32% بێت .
رزگار عەلی هاوکات تەئکیدی لەوەش کردەوە کە کورد لەبەر نەوت کەرکوکی خۆش ناوێت
بەڵکو خۆشویستنی ئەمشارە لەبەر ژیار و خاکەکەیەتی و پرسیاری ئەوەشی کرد کە
زۆرێک لە لیستەکان ترسیان لە هەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیە
چونکە دەترسن لەوەی دەنگی پێویست بەدەست نەهێنن .
روونیشی کردەوە کە ئەوان ئاگادارن لەوەی لەودیوی پەردەوە دەکرێت و هەر
یاسایەکیش دەربکرێت پێچەوانەی دەستووربێت رەتدەکرێتەوەو هیچ لایەنێک ناتوانێت
یاساکە جێبەجێ بکات و ئەمەش پەیامی ئێمەیە بە پەرلەمانی عێراقی رادەگەیەنین.
لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەنووسیشدا هەردوو کوتلەی عەرەب و تورکمانەکان وەڵامی
رزگار عەلی دەدەنەوەو لێدوانەکانی رەتدەکەنەوە و بەلێدوانی هەموو حیزبەکانی
لیستی برایەتی دانانێن ، هاوکات لە بەیاننامەکەدا کوتلەی عەرەب و تورکمانەکان
ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوتی کەرکوک موڵکی لیستی برایەتی نیە تاکو رزگار عەلی
بتوانێت کەی بیەوێت لە خەڵکی تورکمان و عەرەبی کەرکوکی ببڕێت ، هەروەک
سەرسوڕمانی خۆیان خستەڕوو کەسەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بتوانێت بڕیاری
پەرلەمان رەتبکاتەوە کە بە باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان دادەنرێت لە عێراقدا .
لەلایەن خۆیشیەوە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند کە هەندێ لە کەناڵە ئاسمانیە ئاژاوە گێڕەکان
وتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان گۆڕیوە کە بە ئامادەیی تارق
ئەلهاشمی جێگری سەرەک کۆماری عێراقی فیدرال جەختی لەوە کردۆتەوە کە لەبەر
زامەکانی عێراق و شپرزەیی ئیداری پێمان باشبووە بەردەوام لە کەرکوکەوە نەوت
هەناردە بکرێت دەنا حەزمان دەکرد هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک راگیرایە ، چونکە
رۆژانە (600) هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک هەناردە دەکرێت و خەڵکەکەیشی لە
خێرەکەی بێبەشن .
بۆیە روونکردنەوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
ئەو دەستکاریکردن و گۆڕینەی وتەکانی رزگار عەلی دژ بەڕەوشتی رۆژنامەنووسی و
هەوڵێکی نەزۆک دادەنێت بۆ ئاژاوە نانەوە .
|