ئەو حیزبانەی لە کۆنگرەی پێنجەمی بەرەى تورکمانى
پاشەکشێیان کرد
بەرەیەکی نوێ پێکدەهێنن
رۆژی دووشەممەی رابردوو کۆنگرەی پێنجەمی بەرەی تورکمانی کۆتایی هات و لەمیانەی
ناڕەزاییەکی زۆری هەندێک لە حیزب و کەسایەتیە تورکمانەکان سەعدەدین ئەرگێچ بۆ
خولی دووەمی سەرۆکایەتی بەرەی تورکمانی هەڵبژێردرایەوە .
بەر لەدانیشتنی یەکەمی کۆنگرەی پێنجەم رۆژی یەک شەممە حیزبی (قەرار)ی تورکمانی
کە فاروق عەبدولڕەحمان سەرۆکایەتیی دەکات لە کارەکانی کۆنگرە پاشەکشێی کردو
حیزبی ناوبراو لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پێنجەمی بەرەی تورکمانی بەلایەنگیری و
دەستەگەری لە بەرژەوەندی سەعدەدین ئەرگێج تاوانبار کرد وێڕای هەوڵەکانی بۆ
پەراوێزخستنی رۆڵی حیزبی قەرار.
ئێوارەی رۆژی یەکەمى کۆنگرەکەش نوێنەرانی تەلەعفەرو موسڵ لە کۆنگرەکە کشانەوە ،
وەک ناڕەزایی دەربڕین لە پەراوێز خستنیان لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیکردنی
هەڵبژاردنەکانەوە .
لەلایەکی ترەوە حیزبی تورکمان ئیلی کە بەیەکێک لە دیاریترین حیزبەکانی نێو
بەرەی تورکمانی دادەنرێت ، ئیدانەی سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردنەکەى کرد بەوەی
لایەنگیری کوتلەی ئەرگێچ بوون و ئەم حیزبە دیارەی تورکمانەکانیش لە کۆنگرەکە
پاشە کشێیان کرد .
لەبەیاننامەیەکی رۆژی 15 /7 /2008دا حیزبی تورکمان ئیلی رایگەیاند کە دان
بەدەرەنجامەکانی کۆنگرەکەدا نانێت و هەریەک لە (مستەفا زیائی ، کە لە ئەنکەرە
دادەنیشێت و راوێژکارە لەوەزارەتی دەرەوەی تورکیا - بەشی تورکمانەکانی عێراق و
سەعدەدین ئەرگێچی بە بەرپرسیار دانا لە هەرەسهێنانی کۆنگرەی پێنجەم .
تورکمان ئیلی ئەوەیشی راگەیاند کە کاردەکات بۆ پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی ئامادەکاری
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نەتەوەیی تورکمان و هاوکات لەدژی ئەو جیاوازیکردنەیە
کە سەرانی بەرەی تورکمانی پەیڕەوی دەکەن .
لە کۆنگرەی پێنجەمی بەرەی تورکمانیدا سەعدەدین ئەرگێچ بەزۆرینەی دەنگەکان
بەسەرۆکی بەرە هەڵبژێردرایەوە ، ئەویش بە بەراورد لەگەڵ (حەسەن تۆران)ی حیزبی
دادی ئاراستە ئیسلامی سوننە مەزهەب ، هەروەها (یوسف بەیرەقدار) بەسەرۆکی
ئەنجومەنی تورکمانەکان هەڵبژێردرا لەبەر نەبوونی کاندیدی رکابەری ، بۆ
نووسینگەی جێبەجێکردنی بەرەیش هەریەک لە (عەلی هاشم موختار ئۆغڵو) لە تکریت و (ئوسامە
نازم ) لە دیالەو (ئایدن ئەقسو) لەبەغداو موقەدەم (نەزهەت ) لە هەولێرو لە
کەرکوکیش بۆ هەمان نووسینگە (ئەمین غەریب ئەندازیاری کشتوکاڵ ) و(ئەرشەد ساڵحی
نوێنەری بەرە لە سوریا ) و دکتۆر (شابەندەر عزەت ) هەڵبژێردران .
|