تەندروستیمان و ....
بانگەوازێ بۆ د. زریان
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ


کایەى تەندروستى ، گرنگترین بوارێکە کە راستەوخۆ پەیوەندى بەمرۆڤ و ژیان و شێوازى گوزەران و کارکردنییەوە هەیە ...
بێگومان ، کایەى تەندروستى بەپێوەرێکى گرنگ و هەستیارى پلەى پێشکەوتنى هەر کۆمەڵگایەکى مرۆڤایەتى دادەنرێ لەجیهاندا ...!
گەورەترین گرفت و کۆسپێک کەلەمجۆرە کۆمەڵگایانەى وەکو ئەوەى ئێمەى رۆژهەڵاتى ناڤین لەمبوارەوە بەدیبکرێت ، نەبوونى وشیارى تەندروستییە ... هەروەها بوونى کەلتوورێکە کەتەنها بۆ موجامەلە و پیشاندانى (پریستیج/ خانەدانى و هەیبەت) هاتۆتە گۆڕێ ، کەبەبێ رەچاوکردنى بوارى تەندروستى بووەتە خوویەکى کۆمەڵایەتى باو و بڵاوى زۆر پاسیڤ و خراپ !
کایەى تەندروستى ، وەک چۆن راستەوخۆ پەیوەندى بە ژین و مەرگى مرۆڤەوە هەیە ، ئاوە هاش پەیوەندى بەئاستى رۆشنبیرى و وشیارى مرۆڤەوە هەیە ، سەربارى ئەوەى کەپەیوەندى بەسیستمى سیاسی و بەڕێوەبردنى دامودەزگاى فەرمییەوە هەیە ...!
شتێکى بەڵگەنەویستە کەلەپۆلێنکردنى زانست و زانیاریدا ، زانستى نوژدارى و پزیشکى و تەکنیکى نەشتەرگەرییەکان لەبەرزترین پلەدان وئەو وڵاتانەى کەژمارەى نوژدار و دکتۆریان زۆرە و لەتەکنیکى نەشتەرگەریدا بێهاوتان ، ئەو وڵاتانە جێی سەرنج و شکۆمەندین ، بۆ وێنە لەمێژەوە بەریتانی و ئەڵمانی و هەنووکەش ئەمریکا پێشکەوتووترین وڵاتى دونیان لەکایەى تەندروستى و چارەسەرى و نەشتەرگەریدا ....!
کۆمەڵگاى کوردیمان ، موخابن و ئەفسوس ، دواکەوتووترین وڵاتى دونیایە و رەنگە هاوتاى سۆماڵ و بەنگلادیش بێت لەپیسی و گەندەڵى تەندروستیدا ...! لەمێژەوە خەڵکى کوردستان بە شێوەیەکى هەڕەمەکى و (رەمەکى –غەریزیی) ژیاوە ، بۆ وێنە ، لەکۆنەوە راهاتووە خواردنى چەوربخوات ، خوێ و شەکر بەزیادەڕۆیی بەکار بێنێ ، گۆشتى سوور لەسبەینێوە تانیوەشە و بەهەموو حاڵەتەکانییەوە بخوات ، تاکى کورد بەبێ جگەرە هەڵناکات و نەقسەى بۆ دەکرێت و نەکارو ئیشی پێدەکرێت بەبێ دوکەڵ و نیکۆتینى سیغار و چروتەکەى کەئەمڕۆ نێرگەلەشی چۆتەسەر (کەزیان و زەرەرى دەقاتە !) ..
نزیکەى بیست بۆ سی ساڵێکیشە مەى خواردنەوە (بەتایبەت ئارەق کەزۆر کوشندە و مەترسیدارە) بووەتە نزیکترین هاوەڵ و براى مرۆڤى کورد ، کەهەر لەعەسرەوە ژیان و کاتى خۆى بۆ تەرخان دەکات و بەیارمەتى جگەرە و نێرگەلە و جگەر و گۆشت برژاندن خەریکى پێک هەڵدانى کحوول و موشتەقاتەکانییەتى ، هەتا وەکو مێشک و چاوى لەکاردەکەوێت و ئینجا بەمەستى ، سەیارەکەى لێدەخوڕێت و بەوپەڕى ریسک و موجازەفەوە دەگاتەوە ماڵەوە و ژیانى ژن و منداڵەکانیشی دەکاتە دۆزەخ و تا ئاسمان و حەوت تەبەقەکانى بەڕەنگاو رەنگى پیشانى هەموویان نەدات ،خەوى بزڕکاو و زڕ و ناچێتە چاوى یەک نەفەرى ئۆممەتى موحەمەدەوە !!
شایانى وتنە لەدواى راپەڕینەوە ، پاشاگەردانى و قەیرانى رەش ، سوارى ملى زۆربەى کایەکانى بوارى ژیانى تاکى کوردى ئەم دەڤەرە بووە ... لەهەمووشیان مەترسیدارتر کایەى تەندروستییە کەموخابن قوربانییەکى زۆرى لێکەوتووەتەوە .... کەهۆکارى سەرەکى ، بێجگە لە نەبوونى وشیارى تەندروستى لاى تاکى کورد زەلیلى و ئیفلیجى میدیاى حکومەت و ئیدارە و حیزبە کابییەکانیش لەبوارى تەندروستیدا وەکو رۆژى رووناک دیارە خەمساردى و کەمتەرخەمى دەسەڵاتى کوردى بووەتە ئاستەنگ لەبوارى تەندروستیدا ،کەدەتوانین بەپاسادانى ئەم قسەیەمان بیسەلمێنین ، بڵاوبوونەوەى پیسی لەکۆڵان و شەقامەکانى کوردستاند و نەبوونى کۆنترۆڵ و چاودێرى بەسەر خواردن و خۆراکى هێندراو و ناوەوەى شارەکاندا ، هەبوونى خۆراک و دەرمانى ئێکسپایەر (تائەمڕۆکەش) خراپی و ناهەموارى خزمەتگوزارى لەتێکڕاى نەخۆشخانەکاندا ... بۆ نموونە کەم نین ئەوقوربانییانەى لەرێگەى هەڵەوە ، بەپێدانى بەنجى چەواشە و نەشتەرگەرى هەڵەوە لەخەستەخانە خراپەکانى کوردستاندا ژیان و خەون و تەمەنییان بووە بەردى بن گۆمەژەنگاوییەکان ...!
یان کەم نین ئەو هەواڵانەى لێرە و لەوێ دەیانبسین سەبارەت بەوەى کە (گڵۆڵەیەک لەفاف یان مقەست) لەسکى خەستە و نەخۆشێکدا بەجێمابێت ...!
هەروەها کەمتەرخەمى دەسەڵاتى کوردییە ، کەخەستەخانە میرى و حکومییەکان خراپترین کلینیک و داوودەرمان و پشکنین و چارەسەر و نەشتەرگەرى تێدان ... هەروەها بێسەر و بەرەیی و نادڵسۆزى و گرانیی کلینیکە تایبەتەکان کە لەگەڵ دەرمانساز و پشکنەرى خوێن و شتەکانى تردا هاوبەشن و گیرفانى ساردى خەڵکى هەژار دەبڕن ، مەیسەرنەکردنى ئاوى خواردنەوەى پاک لەڕووى تەندروستییەوە بۆ شارەگەورەکان ، نیشاندەرى ئاماژەیەکن بۆ کەمتەرخەمى دەسەڵات ، بڵاوبوونەوەى پەتا زۆر و هەمەچەشنەکان لەئاکامى تێکەڵاوبوونى ئاوى خواردنەوە و ئاوى ئاوەڕۆ لەشارێکى پاک و خاوێنى وەکو سلێمانیدا (کەپێش راپەڕین ناو و ناوبانگى گەیشتبووە بەسرەش !) ئەمڕۆش بۆڕییەکانى رزیون و ئاوەکەى بۆ خواردنەوە و چێشت لێنان ناشێت !! ئەمە ئێستاکە گەورەترین قەیران و تەنگژەى کەمئاوییە لەشارى سلێمانیدا ، کەبەشارى کانی و و سەرچاوە و مێرگ و کوێستان ناسرابوو ، خەڵکى ئەمڕۆ وەکو بونەوەرى دەموەختى نێندەرتاڵ بەمەسینە و جامۆڵکە و دەبە و تەنەکە و مەنجەڵ ماڵەو ماڵ و گەڕەک و گەڕەک دەکەن و لە شەخسە پەڕۆ و تەنەکە و دەعبا نەبێت هەرگیز لەمرۆڤ و ئادەمیزاد و بونەوەر ناچن....!
بەنیسبەت بەرپرسێکى بەڕێزى وەکو وەزیرى تەندروستییەوە (د. زریان) کە لەرووى چالاکى و دڵسۆزییەوە لەهەموو وەزیرەکانى دیکەى ئەم کابینەیە دیارترە ... دەستى ماندووى دەووشم تکام هەیە و داخوازم لەگەڵ سەرۆکى حکومەت و پارێزگارى سلێمانیدا ...لەهەوڵدابن تەندروستى شارى سلێمانى زیاتر بپارێزن ... کێشەى بێئاوى و ئاوى بۆڕى و تەنکەرەکان بۆ خواردنەوە و چێشت لێنان ناشێن ، ئاو سەرچاوەى دەردو پەتایە ئەگەر پیس و ژەنگاوى بوو ، ئاو و زێرابی شارى هەڵمەت و قوربانى تێکەڵن بۆیە ناچارین هەفتەى تەنکەرێک یان دووان بکڕین ، بەم هاوینە مەبجەنیقە و بەم وشکە ساڵییە تەنها ئاو فریادڕەسمانە و وەکو موەلیدەى کارەبا ، پارەى پێدەدەین !!
کۆڵان و شەقام و بازاڕى ئەمشارە حەیاتە ، زۆرپیسە هەواکەى بارگاوییە بە دوکەڵ و رەساسی سەیارە کۆن و ماتۆڕە پیسەکانى ، فیتەر و ئاسنگەرەکانى ناوشار پیستریان کردووە ، دەشتودەر سیخناخە بەئارەقخۆر و جگەرە و نێرگەلەکێش و گۆشت برژێنەکانى ، داروبەردى شارى سلێمانى بەعەلاگەى رەش و پارچەشووشەى بوتڵەشکاوەکانى داپۆشراوە ... خۆراک و خواردەمەنى و دەرمانى ئێکسپایەر کۆتایی نایەت کلینیکى حکومى و تایبەتى ... هۆڵى نەشتەرگەرى و قاوشەکانى حەواندنەوە ، باشتر و گونجاوتر بکەن .... ئەگەر بارودۆخ و رەوشی تەندروستى و ژیان ئاوەها بڕوات ، بێجگە لەنەخۆشی جەستەیی ، دەبینە خەستەى نەخۆشییە دەرونییەکانیش ...!
hemea.Rasoel961@yahoo.Com
 


                                                                       بگه‌ڕێوه‌ بۆ سه‌ره‌تا

                                                              Copyright © 2007