ئیشى دووەم گەندەڵییە
حهمهی ئهحمهد ڕهسوڵ
کارکردن، هرز و ئەقڵ و بیرکردنەوەى لە دۆخە ستاتیکییەکەیەوە بۆ دۆخى دینامیکى
وەرچەرخاند، مرۆڤی لە بوونەوەرەکانى دیکەى سەرزەمین جووداکردەوە، مرۆڤ کاردەکات
بۆ ئەوەى بژێوى و گوزەرانى ژیانى بەڕێوەبەرێت، لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەى ژینگە و
کۆمەڵگاکەى جوانتر و رێکوپێکتر و ئاسوودەتر بسازێنێ، لە پێناو ئەوەدا وەچەکانى
ئەوەدا وەچەکانى دواى خۆى لاسایی ئەو بکەنەوە و هەمان رێچکە بگرنەبەر! مرۆڤ
زۆردەمێکە دروشم و پەندى سەرزمان و ژێرزمانى ئەوەیە کە رۆڵەکانى خۆى هان بدات،
کاربکەن... کارکردن لە کەلتوورى زۆربەى گەلاندا گرێدراوە بە ئاکار و شەرەف و
پیاوەتى و شکۆمەندى مرۆڤەوە..مرۆڤەکانى سەرگۆى ئەم هەسارە لەوەدا لەیەکدی دەچن
کە هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە کاربکەن...!
لە کۆمەڵگاى کوردیشدا، دروشم و مەشخەڵى دەستى باوکان بەرامبەر بە کوڕان بە (تایبەتى)،
هاندان و بزواندنیانە بەرەو ئیشکردن .. کورد بۆیە حەز بە زۆرى منداڵ (بە
تایبەتى کوڕ) دەکات،بۆ ئەوەى ببنە هاریکار و بژێو پەیداکارى خێزان، هەر لە
قۆناغى شوانکارى و رەوەندییەوە تا دەگات بە کشتوکاڵى و وردە سەنعەت لە شارۆچکە
و شارەکاندا، کورد، کارگەر و ئیشکەربوون، لەگەڵ هەڵهاتنى خۆردا، دەستبەکاربوون
و هەتا خۆرئاوابوون نەگەڕاونەتەوە نێو ماڵ و منداڵیان، لە هەموو بوارەکاندا
سەرقاڵبوون، سەردەمانێک هێندەیان کارکردووە کە بەرهەمیان هەناردەى ئەمدیو و
ئەودیوى زێدەکەشیان کردووە.!
کەواتە ئەگەر یەکێک بێت و حازربەدەست، کاڵفامانە، بڕیارێکى سەرپێى سەپاندو و
وتى : تاکى کورد و میللەتى کورد، تەمەڵ و تەوەزەلن و کارناکەن و ئیشنەکەرن، ئەو
کەسە ئامانج و راستى ناپێکێ، ئێمە پێى دەڵێن: قوربان، وانییە ئەم فەرموودەیە
پێچەوانەیە، لە دواى راپەڕینەوە، یان باشتر بڵێین، دواى کوژاندنەوەى دوکەڵى
بارودى (برا کوژییەکە) هەموو پێوەرەکانى لنگە وقووچ و قڵپکردەوە، دیاردەیەکى
دیکەى زۆر ناجۆر و ناقووڵا و نابەجێ لە خاکى ئەم نیشتمانەدا وەکو برینێکى
گەورەى شێرپەنجە، بەسەر هەنیە و نێوچاوانى دامودەزگا حزبیى و حکومییەکانەوە،
هەڵتۆقى و سیماى ئابوورى و بەڕێوەبردنى شێواندووە و قێزەوەن و قەڵپۆزى کردووە..!
بۆتە هۆکارێکى زۆرکاریگەر لە دروستبوون و خەملاندنى گەندەڵیی کارکردن و ئیش
راپەڕاندن و خزمەتگوزارى پێشکەشکردندا...!
کارى دووەم و سێیەمى مووچەخۆر، خۆى گەندەڵییە و ئەو جێ و شوێَنکارە دەکات بە
گەندەڵستان! مووچەخۆر و کارمەند و مامۆستا، مرۆڤن، مرۆڤیش وزە و توانا و
تاقەتێکى سنووردار و قورمیشکراوى هەیە، کات و زەمەنى ستانداردى جیهانى برتییە
لە هەشت کاتژمێر.. کە لە نێوان و ناوقەدەى ئەو بڕە کاژێرانەدا، یەک کاژێریان بۆ
نانخواردن و پشوودان و حەوەندانەوەیە....!
کارمەند و مووچەخۆرى ئەم دەور و زەمانە، هەتا نێوەڕۆ لاى حکومەت یان لاى حیزب
کاردەکات، (بەڵام چۆن کارێک، سیخناخ لە گەندەڵى و نادەربەستى و خۆ مژوول و
سەرقاڵکردن بە گفتوگۆ و دەمەتەقێى نێوان کارمەندەکانى هەمان ژوورى دایرە و
دەزگاوە... چەند کاژێرێک بۆ جگەرەکێشان و چاو و قاوەخواردنەوە و تەلەفونکردن بە
نۆرماڵى بەلاش، یان بە موبایلى لاقەدەوە... چەند کاژێرێکیش بۆ سوورا و ئارایشتى
خاتوونە مووچەخۆرەکان...!).
پاشان دواى پاش نیوەڕۆ، بۆ نزیکەى (1-4) کاژێرێک و رەنگە کەمتریش دەچێتە
شوێنکارێکى دیکە، جا یان حیزبییە یان رێکخراوەیى و سەنتەرییە، یان ئەهلى و
کۆمپانیا و شەخسییە...!
ئەم کارى پاش نیوەڕوانە، کە کار و ئیشى دووەمینە، دوا هیلاکى و ماندوبونێکى
زۆرە لە کارى یەکەمدا، ئەم کارە وەکو بێگارى و تۆپزى وایە.. بە قورمیشى
ئادەمیزادی – ناچار ئیش دەکات، بژێوى و گرانى گوزەران و نرخى بازاڕ و رەنگە
کرێچێتى پاڵنەر و هاندەرن..!
شارەزایى و کارامەیى و پسپۆڕى و لێزانیش هۆکارێکن بۆ راپەڕاندنى کار و ئیشى
دووەم، هەرچەند ناسیاویش هۆیەکى دیکەیە، بەڵام ئەم ئیشەیان چەندەها خەسڵەتى
تایبەتى هەیە و لە ئاکامدا گەندەڵى دەستەبەردەکات، لە گرنگترینى ئەو خەسڵەتانە
ئەوەیە کە کارمەندى عەسران، هیلاک و ماندووترە لە کارمەندى سبەینان، مێشکى
جەنجاڵتر و سەرقاڵترە.. پڕە لە تەقسى رۆژگار، برسێتى و وەنەوز زاڵە بەسەر
جێبەجێکردنى ئیشوکاریدا.. دڵسۆزى لە کارى یەکەمدا (ئەگەر بەدیبکرێت لەم
زەمەنەدا) زۆرترە وەک لەوەى عەسران، بەرپرسیارێتى و ئینتیما لە کارى یەکەمدا
تۆخترە لەوەى عەسران کە گرێبسەتە، وابەستەیى و پابەندییەکە، کاڵتر و کرچترە!
تەرکیز یان سێرە (ئەگەر دەقاودەق ماناکە بگەیەنێ!) لە کارى یەکەمى کارمەندێکى
کوردا کەم و بێهێزە، چ جاى لە کارى دووەم و سێیەمدا دەبێت رێژە و بڕى تەرکیز
چەند کەمتر و بێهێزتر بێت!
ئیشوکارى دووەم و سێیەمى تاکى کورد لە رۆژێکدا، ئاکام و دەرەنجامى نێگەتیڤ و
خراپى لێکەوتۆتەوە، زیاتر بێکارى لاوان و دەرچووانى ئامۆژگا و زانکۆى
رەخساندووە، داگیرکردنى جێگە و شوێنکارى خەڵکانێکى هەژار و نەدارە، کە دەمێکە
بێکارن و رەنگە خاوەنى خێزان بن و رەنگە کرێچیش بن.. هەروەها پارە وەدەستهێنانى
مووچەخۆرێک کە کارى دووەم سێیەم دەکات، هەڵاوسان دروستدەکات و رادەى خواست و
کڕینى شمەک و کاڵا بەرزتر دەکاتەوە و ئەمەش وادەکات کە نرخى بازاڕ تابێت بەرەو
بەرزى هەڵبکشێ!
شایانى وتنە و بیرمان نەچێت، لەم وڵاتەى ئێمەدا بەرپرسێکى زۆر هەن کە ئیشى
دووەم و سێیەمیش دەکەن، هەمانە سکرتێرى حزبە و لە هەمانکاتدا سەرۆکى کۆمارە،
یان سەرۆکى حزب و بنەماڵەیە و لە هەمانکاتدا سەرۆکى هەرێمە، یان خاوەن
گەورەترین کۆمپانیایە لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا و لە هەمان کاتدا سەرۆکى حکومەتى
هەرێمە....!
سکرتیرى حیزبمان هەیە، پەرلەمانتار و وەزیرى هەرێمیشە... باشە ئەم مرۆڤە دەبێت
چى بێت خودایە،کە لە گیانلەبەرى (حەربا) چالاکترە...!؟ کە سبەینان رەنگێک
بنوێنێ و عەسران بە رەنگ و بۆیەکى ترەوە دەرکەوێ و شەوانیش قات و بۆینباغى
فەڕەنگى پۆشیشبێت...!؟
ئەو نموونە پایەدارانەى سەرەوە، بۆ چوار ساڵ و هەشت ساڵ نیین، کە ساڵانى
دیاریکراوى حکومڕانین لە ئەمەریکا و رۆژئاوادا کە سەرۆکەکانى وەکو تاتشەر و
تۆنى بلێر نەیانتوانى لە هەشت ساڵ زیاتر بەردەوام بن، چونکە دەزانن کە وزەو
تواناى مرۆڤ سنووردارە و لەو بڕەش دەرچێ، گەندەڵآ و ماڵوێرانى لێدەکەوێـتەوە...!
ئیشى دووەم وسێیەم، بڕبڕەى پشتى گەندەڵی بەهێز دەکات و دڵسۆزى و وەفا و ئینتیما
و تەرکیز و خزمەت و کار راپەڕاندن زیندەبەچاڵ دەکات!
hemea.Rasoel961@yahoo.Com
|