قسەیەک لە سەر دادگا تایبەتەکە
فەرمانەکەى جەنابى مام جەلال کە تێدا هەڕەشەى دادگایکردن لە ئەندامەکانى یەکێتى
دەکات ئەگەر هاتوو لە میدیاکاندا رەخنە لە پارتی و یەکێتى بگرن، دەکرێت لە زۆر
رووەوە قسەو باسى لە سەر بکرێت. چونکە بە راستى ئەوە پێشینەیەکى مەترسیدارە و
پێشتر لە هیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانى تەمەنى یەکێتى نیشتمانی کوردستاندا دیاردەى
وا رووى نەداوە. بە تایبەتى گەر ئەو فەرمانە خودى جەنابی مام جەلال ئیمزاى
لەسەر کردبێت کە لە سەردەمە سەختەکانى شاخیشدا نەک هەر بەرگرى لە دەربڕینى
بیروبۆچوونەکانى بە وتن کردوە، بەڵکو وەک پارێزەرێکى ئەو مافەش رەفتارى کردوە
کاتێک بۆچوونەکە کەوتوەتە سەر کاغەز و بوەتە کتێبیش. رووداوى رۆمانى "سەگەوەڕ"کەى
موکری هێشتا لە هزرى زۆربەى کادیرە دێرین و دڵسۆزەکانى "ی.ن.ک"دا نەسڕاوەتەوە.
سەبارەت بە بڕگەی یەکەمى ئەو فەرمانە، من لاریەکم نییە و پێم وایە باشتر وایە
ئەندامانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، تا ئەو کاتەى دەرگاى ئسوڵیى و پرەنسیپە
حزبیەکان بە رویاندا دانەخراوە، رەخنەو گلەیى و پێشنیارەکانیان لەوێوە بخەنە
بەردەستى سەروى خۆیان و پەنا بۆ کەناڵى دیکەى گەیاندنى بۆچوونەکانیان نەبەن.
هەرچەندە ئەوە شێوازى کارکردنى حزبە تۆتالیتارو ستالینیزمەکانەو بۆ ئەم سەردمە
ناشێت کە هەموو شتێک دەبێت بە شەفافی و روونى و بە عالەمى ئاشکرا بوترێت. بەڵام
ئاخۆ "ئێستا" لە ناو یەکێتیدا ئەو رێگا ئسوڵییانە لە بەردەم هەموو کادیرەکان
وەک یەک کراوەیە؟! یان ئەوەتە بۆ هەندێک کادیرى خوا پێداو ئەو هەلە رەخساوەو لە
رۆژنامەکاندا هەرچى ناشێ بوترێ بەو حزبەى دەڵێن، کەچى بۆ هەندێکی دیکەى خوا
خەزەب لێکراو بڤەو قەدەغەیەو تەجمید و نانبڕین و لە پۆست دەرکردن و دادگایی
چاوەڕوانیان دەکات؟!
زۆر بەداخەوە جەنابى مام جەلال، یەکێتى واى لیهاتووە بەرپرسى مەکتەبەکانى نەک
لە رێگەى دادگاوە، بەڵکو هەر بە میزاجى شەخسى غەزەب دەگرن لەو کادیرانەى بە
رێگەى ئسوڵیى رەخنەیان لەو دۆخەى یەکێتى هەیە. جگە لەوەش ئەندامى مەکتەبی
سیاسیی یەکێتى هەیە لە رۆژنامەی "ئاوێنە"دا پەنپەنى دونیا بە یەکێتى دەکات،
کەچى کەس ناتوانێت موحاسبەى بکات، بەڵام کاتێک کادیرێکى ناوەند دەڵێت کوردینە
مادەى 140 لە کاتى خۆیدا جێبەجێ نابێت، تەجمیدو دەرکردن چاوەڕوانیەتى.
کەواتە هۆکارى سەرەکى ئەوەى واى کردوە هەندێک لە کادیرە دڵسۆزەکانى یەکێتى
ناچار بن بۆ خستنە رووى بۆچوونەکانیان پەنا ببەن بۆ رۆژنامە داخ لەدڵەکان،
دەگەڕێتەوە بۆ داخرانی دەرگا ئسوڵییەکان بە رووى رەخنە جیدی و راستەقینەکانیان
و لەبەرامبەردا کرانەوەى بە رووى ئەوانەى راستیەکان پەنکوێر دەکەن. حەقیش وایە
محاسبەو لێپرسنەوە لە گەڵ هەموو کادیرەکان وەک یەک بکرێت، نەک بۆ کەسانێک رەوا
بێت یەکێتى بە حەوت ئاو بشواتەوە، بۆ کەسانێکیش نەبێت رەخنەیەکى بچوک بگرێت.
ئیمزا
کادیرێکى یەکێتى
کە لە بەر دادگای تایبەت ناوى خۆى نانوسێت
|